ماکرۆن هۆکاری قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکانی فەرەنسا دەخاتەڕوو
K24 - هەولێر:
سەرۆک فەرەنسا سەبارەت بە بڕیاری قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە لە دەڵێت: زۆر گرنگە کە قوتابخانەکان وەک شوێنێکی بێلایەن بمێننەوە و نابێت ببنە شوێنێک بۆ نیشاندانی هێما ئاینییەکان.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ یوتیوبەرێکی فەرەنسی بەناوی هوگۆ تراڤێرس باسی لە هۆکارەکانی پشت بڕیاری 'قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکان" کرد و گوتی: قوتابخانە سیکۆلارە و ئەوەش واتە نابێت ببێتە شوێنێک بۆ نیشاندانی هێما ئایینیەکان، ئێمە دەبێت گفتوگۆ بکەین و روونیبکەینەوە، بەڵام بە بڕوای من زۆر گرنگە کە قوتابخانەکان وەک شوێنێکی بێلایەن بمێننەوە.
رۆژی 27ـی ئابی 2023، گابریێل ئەتال، وەزیری پەروەردەی فەرەنسا رایگەیاند، چی دیکە رێگە بە باڵاپۆشی قوتابییە موسڵمانەکان لە قوتابخانەکانی فەرەنسا نادەن، چونکە ئەمە دژی یاساکانی فەرەنسایە لە پەروەردە.
ماکرۆن سەبارەت بە جلوبەرگی قوتابیان دەڵێت: بە دڵنیاییەوە دەتوانین شتگەلێکمان هەبێت کە زیاتر بۆ هەرزەکاران قبوڵکراو بن.
سەرۆکی فەرەنسا ئەوەشی خستەڕوو، کە خۆی لەگەڵ تاقیکردنەوەی سیستەمی یەکپۆشی دایە.
ئاماژەی بەوەشدا، بژاردەیەکی دیکەی تاقیکاری هەیە کە دەکرێت ئەوە بێت، منداڵان جلوبەرگی هاوشێوە لەبەر بکەن، وەک “پانتۆڵی کاوبۆ و تیشێرت و چاکەت.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی فەرەنسا لە کاتێکدایە، دیاردەی باڵاپۆشی لە قوتابخانەکانی فەرەنسا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.