لوتکەی G20 دەستپێدەکات

18مین لوتکەی وڵاتانی گرووپی 20 بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ لوتکەی گرووپی 20 بەهێزترین ئابووری جیهان لە نیودەلهی هندستان دەست بەکارەکانی دەکات.

بڕیارەی ئەمڕۆ 18مین لوتکەی وڵاتانی گرووپی 20 بە ئامادەبوونی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و چەندین سەرکردەی دیکە لە شاری نیودەلهی هندستان دەست بەکارەکانی بکات.

لوتکەی گرووپی 20 لە نیودەلهی دوو رۆژ دەخایەنێت و تەوەری سەرەکی لوتکەکەش، پرسی ئاسایشی خۆراک، ئابووری دیجیتاڵی، کشتوکاڵ، شەڕی ئۆکرانیا و وزە دەبێت.

سەرباری سەرکردەکانی گرووپی 20، نۆ سەرکردەی دیکە لەوانەش سەرۆکی ئیمارات و سوڵتانی عومان وەک میوان بەشداری لوتەکەکە دەکەن.

بەهەمان شێوەی لوتکەی رابردوو، لە لوتکەی ئەمجارەشدا ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بەشداری ناکات و لە جێگەی ئەو سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بەشداردەبێت، شی جیپینگ سەرۆکی چینیش بەشداری ناکات و لە جێگەی ئەو لی چیانگی سەرۆک وەزیران بەشداری دەبێت.

میدیای فەرمی تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی گرووپی 20 لە هیندستانە.

گرووپی 20 لە بیست وڵاتی خاوەن بەهێزترین ئابووری جیهان پێکهاتووە و لە ساڵی 1999وە دامەزراوە. دوایین لوتکەی گرووپی 20 ساڵ رابردوو لە دوورگەی بالی ئیندۆنیزیا بەڕێوەچوو.

Fly Erbil Advertisment