کوێستان محەممەد: بە پشتیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌مان بۆ چین و توێژەکانی کوردستان ئەنجامداوە

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتەکەیان لەکابینەی نۆیەمدا بەپشتیوانی ئەنجوومەنی وەزیران توانیویەتی کۆمەڵێک پڕۆژە بۆ خزمەتکردنی خاوەن پێداویستی تایبەت، پەککەوتەکان و منداڵانی ئۆتیزم بکاتەوە.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەدا، بە پشتیوانی ئەنجوومەنی وەزیران توانیویانە کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، پەککەوتەکان و منداڵانی ئۆتیزم ئەنجامبدەن، هەروەها ئاشکراشیکرد، توانیویان بە هەموو شێوەیەک خزمەتی بەساڵاچوان بکەن کە بێنەوا و بێلانەن، هاوکات هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی کار لە شارەکانی کوردستان هەڵمەتیان هەیە بۆ خزمەتکردنی ئەم چین و توێژە.

ناوبراو راشیگەیاند، لەماوەی داهاتووشدا کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە بۆ خزمەتکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، باسی لەوەشکرد، لەوەتەی کابینەی نۆیەم دەستبەکاربووە چەندین پڕۆژەیان هەبووە، بۆ کردنەوەی خانەی تازەی منداڵان، خانەی بەساڵاچووان ،کۆمەلێک پڕۆژە بۆ کەمئەندامان و منداڵانی ئۆتیزم.

ئەوەشی خستەڕووە، خێرخوازان بەردەوام هاوکاری دامودەزگاکەیان کردووە، هەروەها پارێزگارەکانیش بەردەوام هاوکاربوونە.