کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت
کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت

K24 – بەغدا:

کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە سەر پرسی شایستە داراییەکان و دۆخی کەرکووک لە کۆشکی حکومی دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبوونی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی و بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی بەڕێوەدەچێت.

دوێنێ هەینی (8ـی ئەیلوولی 2023) کوردستان24 بڵاویکردەوە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبوونی سەرکردە باڵاکانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دۆخی سیاسی و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەکەی محەممە شیاع سوودانی دەکات، لەوانەش دۆخی ئەمنی و رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، هەریەکە لە فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە بەغدا و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکە بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو ئاستەنگانە دەکرێت کە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی دروستبووە، بە تایبەت لە رەوانەکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ هەر مانگێکی (9، 10، 11) بری تەنیا 500 ملیار دینار وەک قەرز بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.

هاوکات مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، رۆژی (7ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، "یاسای بودجە، كاتێك كە حكومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاساكەی ئامادەكرد بەرێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم، پشكی هەرێم دیاری كرابوو، بەڵام لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سەرلەبەری ئەم پڕۆژە یاسایه‌ گۆڕانكاری بەسەرداهات و غەدرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا، ئێستاش ئەوەی كە لە یاساكەشدا هاتووە جێبەجێناكرێت بەشێوەیەكی گونجاو كە ئه‌مه‌ش غەدرێكی گەورەیە لە مووچەخۆرانی كوردستان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی".

رۆژی چوارشەممەش (6ـی ئەیلوولی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینار.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی (6ـی ئەیلوولی 2023)، ، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار.

هەروەها رۆژی هەینی، (8ـی ئەیلوولی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەیەکی گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە".

Fly Erbil Advertisment