دوانزەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مەحمود زامدار بە ناونیشانی قەڵەمێک پڕ رەنگ بەرز راگیرا

K24 – هەولێر:

دەزگای کولتووری "یاد" دوانزەمین ساڵیادی نووسەر و شاعیری ناسراوی کورد "مەحمود زامدار"ـی بە ناونیشانی قەڵەمێکی پڕ رەنگ بەرز راگرت.

12 مۆم بۆ رۆحی زامدار

لە دوازده‌هه‌مین ساڵیادی کۆچی زامداری نووسەر و پەخشاننووس و شاعیردا، هەریەک لە "د.کوردستان موکریانی، خوسرەو جاف، د.عارف حیتۆ، عەباس عەبدوڵا" دوانزە مۆم داگیرساند، پاشان وتاری د. کوردستان موکریانی رووناکبیر خوێندرایەوە، کە وردبۆوە نێو ژیانی تایبەت و شیعرەکانی لە نێو فەرهەنگی کوردی دا، هاوکات تیشکی خستەسەر، کتێبەکانی ئەو نووسەرە، کە لە سەرەتای ژیانیەوە و تادوا هەناسەکانی عاشق بوو بە کتێب و وشەی کوردی و چەندین لێکۆڵینەوەی وردی بۆ کتێبە فەلسەفیەکان کردووە، بەتایبەت لەو ساڵانەی کە لە بەغدا کاری دەکرد، وەک کانیاوێکی سازگار بەرهەمی پێشکەشی فەرهەنگ و کتێبخانەی کوردی کردووە، جگە لە نووسینە تایبەتەکانی، کە ببووە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی لە دوای خۆی دا جێهێشت.

گوتیشی: راستە زامدار هەمیشه دەم بەخەندە بوو، بەڵام ناخی خۆی پڕ بووە لە زام و ئازار و فرمێسکی گەرم بۆ ژیان.

30 کتێبی ناوازە لە کتێبخانەی کوردی دا

لە پەراوێزی رێوڕەسمی یادەکەدا، نووسەران تیشکیان خستەسەر بەرهەمە ئەدەبیەکانی لە نێو کتێبخانە و فەرهەنگی کوردی دا، بەتایبەت کتێبە ناوازەکانی، کە ژمارەیان گەیشتووه بە ٣٠ کتێب و ٩٣٠ وتاری تایبەت لە گۆڤارەکانی بەیان و کاروان و رامان، جگە لە پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی تایبەت لە ئێزگەی کوردی بەغدا، کە لە ساڵانی هەشتاکان پێشکەشکراوە، بەتایبەت دوای بڵاوکردنەوەی کتێبی ماجەرای زامدار و کەرنامە، کە زۆرترین خوێنەرینان هەبووە و چەندین جار چاپکراونەتەوە.

دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیانی زامدار نیشاندرا

هەر لە چوارچێوەی یادەکەدا، فیلمێکی دۆکیۆمێنتارییەکی تایبەت لەسەر ژیان و شیعرەکانی ئەو کەڵە شاعیرە نمایش کرا.

فیلمەکە لە لایەن کاروان و سیڤەر زامداری کوڕی ئەو شاعیرە ئامادەکرابوو، کە لە ماوەی ٦٧ ساڵی تەمەن و دنیای وشە و نووسیندا تۆمارکراوە.

لە بەشێکی فیلمەکەدا زامدار شیعر بۆ جوانیی و عەشق و ئازادی دەخوێنێتەوە و ورد دەبێتەوە بە نێو شیعرەکانی مەحوی، کە پڕبووە لە پەیامی نیشتمانپەوەریی و خاکەڕەوەیی و ژیاندۆستی.

پێشمەرگەیەکی قەڵەم بە دەست

مەحمود زامدار لە سەردەمی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی ئەیلول و گوڵاندا، لە نزیکەوە داستانەکانی کوردی بە وشە تۆمارکردووە و چەند راپۆڕتێکی بۆ مێژوو بڵاوکردووەتەوە، بەتایبەت ئەوکاتانەی بە دیداری سیمبولی نەتەوەی "مەلا مستەفا بارزانی" دەگات، چەندین وێنەی ناوازە لەم سەردەمەدا تۆمار دەکات و وەک ئەرشیفێکی بەنرخ لە فیلمە دیکۆمێنتارییەکەدا نیشان درا.

78
768
Fly Erbil Advertisment