محەممەد ئیلخانی: بەغدا نیەتی نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات
K24 – هەولێر:
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بە داتا وەڵامی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەداتەوە و دەڵێت، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ داهاتی نەوتی و نانەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج تریلیۆن دینار بووە کە تریلۆنێك و 300 ملیار دیناری خەرجی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت بووە، بڕیاردەری لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش گوتی: بەغدا نییەتی نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.
لەدوایین لێدوانیدا لەسەر شاییستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراق وەزیری دارایی عێراق ، تەیف سامی دەڵێت، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2023، بەو پارانەی كە ئەوان لە بەغداوە بۆ ھەرێمی كوردستانیان ناردووە لەگەڵ داھاتی نەوتی و نانەوتی ھەرێمی كوردستان ، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕی هەشت ترلیۆن دیناری داھات لەبەردەستدا بووە، لەکاتێکدا لە 25 مانگی ئادارەوە بە بڕیاری دادگای پاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە. بریکاری وەزیری دارایی عێراقیش ئەم داتایە رەتدەکاتەوە.
مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ژمارەکانی کە وەزیری دارایی حێراق ئاماژەی پێکردووە هیچی تەواو و نییە و نازنام لەسەر چ پێوەرێک هێناوییەتی، هەروەها مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ پەیوەندی بە نەوت و داهاتی دیکەوە نییە.
هاوکات دەشڵێت:مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیر کراوە دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، هەروەها داهاتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی پێنج تریلیۆن دینار بووە کە تریلۆنێك و 300 ملیار دیناری خەرجی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت بووە.
ئەوکاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەوتی هەناردەی دەرەوە دەکرد، مانگانە مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرا و خەرجی وەزارەتەکان دەکرا، بەڵام ئێستا کا مووچە کەوتووەتە ئەستۆی حکومەتی عێراق، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.
لەلایەن خۆیەوە، محەمەد ئیلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: دەڵێت ئەم هەنگاوەی ئێستای بەغدا تەنیا دوو خوێندنەوە هەڵدەگرێت، هەروەها بەغدا نیەتی نییە شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
هەروەها گوتیشی: بەغدا رۆژ لە دوای رۆژ بیناووی زیاتر بە هەرێمی کوردستان دەگرێت، ئەمە دوو هۆکارمان بۆ روون دەکاتەوە، یەکەمیان، بەغدا بڕیاری خۆی بەدەستە خۆی نییە. دووەمیشیان، بەغدا ئەو نیەتەی نییە کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کێشەکان چارەسەر بکات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
لەمساڵدا تەنیا سێ مانگ و 25 رۆژ نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە، بڕی نەوتی فرۆشراو و داهاتەکەشی لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیت ووردبینی بۆ کراوە، کە %50ـی ئەو داهاتە وەک شایستەی دارایی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان رۆیشتووە، بەڵام وەزیری دارایی عێراق بڕی هەشت ترلیۆن دیناری لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتە ماڵ، لە کاتێکدا هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەم بابەتە لەلایەن هێندە بابتێکی سیاسییە هێندە دارایی نییە.