رۆیشتنی بێنزێما كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ ریال مه‌درید دروست كردووه‌

كه‌ریم بێنزێما دوای تۆماركردنی گۆڵێك له‌ چامپیۆنزلیگ له‌ دژی لیڤه‌رپوول
كه‌ریم بێنزێما دوای تۆماركردنی گۆڵێك له‌ چامپیۆنزلیگ له‌ دژی لیڤه‌رپوول

100 ڕۆژ بەسەر ڕۆشتنی لەناکاوی کەریم بێنزێما لە ڕیال مەدریدەوە بۆ یانەی ئیتیحادی سعودی تێپەڕیوە، به‌ڵام نه‌مانی ئه‌و یاریزانه‌ كێشه‌ی بۆ ریال مه‌درید دروست كردووه‌.

سه‌ره‌ڕای مشتومڕێكی زۆر له‌باره‌ی چاره‌نووسی كه‌ریم بێنزێما، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی رێزلێنان له‌ لایه‌ن ماركا، ئه‌و یاریزانه‌ مانه‌وه‌ی له‌ ریال مه‌درید دووپات كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند له‌ یانه‌ی شایانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت.

به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ كه‌ریم بێنزێما بڕیاری رۆیشتنی دا و په‌یوه‌ندی به‌ خولی رۆشنی سعوودیه‌ كرد، ئه‌مه‌ش کاریگەرییه‌كی گەورەی لەسەر ڕیال مەدرید دروست كرد، یانه‌كه‌ نه‌یتوانی هێرشبه‌رێكی گونجاو بدۆزنه‌وه‌ بیكه‌نه‌ سه‌ره‌ڕمی ریال مه‌درید.

یانەی ڕیال مەدرید خۆسێلۆی گواسته‌وه‌، بەڵام تا ئێستاش وەک بژاردەی دووەم ماوەتەوە، ته‌نانه‌ت گرێبه‌سته‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ بكرێته‌ یاریزانێكی سه‌ره‌كی.

بەبێ ژمارە 9

ڕۆیشتنی بێنزیما وایکرد بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەی ڕیال مەدرید ژمارە 9 بە بەتاڵی بمێنێتەوە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش یانەکە لە هەموو ئاستەکاندا ڕکابەری دەکات و له‌ لالیگا پێشه‌نگی گرتووه‌، به‌ڵام ئامانجه‌كه‌ی ریال مه‌درید بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی ژماره‌ 9 ته‌نیا كلیان ئێمباپێ بوو، گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ش بۆ ئه‌م هاوینه‌ رووینه‌دا.

سەرەڕای ئەوەی بەدرێژایی ئه‌م هاوینه‌ چاره‌نووسی كلیان ئێمباپێ و ریال مه‌درید بابه‌تی قسەی گەرمی میدیایه‌كانی ئه‌وروپا بوو، بەڵام داستانی ئێمباپێ بە هەمان شێوه‌ی دوو ساڵی رابردوو كۆتایی هات و یاریزانه‌كه‌ له‌ پاریس مایه‌وه‌، ئێستاش هه‌وڵ ده‌درێت گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پاریس نوێبكرێته‌وه‌.

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ڕیال مەدرید ناچار بووه وه‌كو هێرشبه‌رێكی سه‌ره‌ڕم یاریی به‌ جود بێلینگهام بكات، به‌ڵام هێشتا نه‌بووه‌ته‌ بژارده‌یه‌كی ته‌واو بۆ شوێنی كه‌ریم بێنزێما.

كێشه‌ی سه‌ركرده‌

بەپێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامه‌ی مارکا، كه‌ریم بێنزێما به‌ هه‌موو واتایه‌ك سه‌ركرده‌ بووه‌، ئێستاش چه‌ندان یاریزانی ریال مه‌درید مافی هه‌ڵگرتنی نیشانی كاپتنی هه‌یه‌، له‌وانه‌، ناچۆ، مۆدریچ، كارڤاخاڵ و تۆنی كرووس، به‌ڵام هیچیان نه‌یتوانیوه‌ له‌نێو یاریگه‌ رۆڵی سه‌ركرده‌یه‌كی باشی ریال مه‌درید پیشان بده‌ن.

قەیرانی سزا

دوای ڕۆیشتنی کەریم بێنزێما، یانەی ڕیال مەدرید ته‌نیا دوو لێدانی سزای بۆ هه‌ژمار كراوه‌، هه‌ردوو لێدانه‌كه‌ش له‌لایه‌ن دوو یاریزانی هێرشبه‌ره‌وه‌ به‌فیڕۆدراوه‌‌، یه‌كه‌میان لە یاری دۆستانه‌كه‌ی بەرامبەر بارسێلۆنا بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڤینسیۆس سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، دواتر ڕۆدریگۆ بەرامبەر کادیز.

هەرچەندە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی مه‌درید ڕایانگەیاندبوو کە ڤینیسیۆس دەبێتە یاریزانی سەرەکی لێدانی سزا، بەڵام کارلۆ ئەنچیلۆتی ئاماژەی بەوەدا کە مۆدریچ دەبێتە جێبه‌جێكاری لێدانی سزا، دواتر ڤینیسیۆس.

لە یارییەکەی کادیزدا مۆدریچ لە یاریگا بوو، بەڵام ڕێگەی بە ڕۆدریگۆ دا تۆپەکە لێبدات، ئه‌ویش له‌ده‌ستی دا. به‌مه‌ش له‌ دوای نه‌مانی بێنزێما، هه‌م هه‌وڵدان بۆ هه‌ژماركردنی لێدانی پێناڵتی كه‌مبووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر بێنزێما له‌ نێو ناوچه‌ی سزا زۆر لێزان بوو، هه‌م جێبه‌جێكاری لێدانی پێناڵتیش دۆخێكی ئاڵۆزی له‌ دوای بێنزێما له‌ ریال مه‌درید دروست كردووه‌.

Fly Erbil Advertisment