نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی نەمسا کۆدەبنەوە

نێچیرڤان بارزانی و ئەلێکساندەر شالنبێرگ
نێچیرڤان بارزانی و ئەلێکساندەر شالنبێرگ

K24 - هەولێر

ئەلێکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی خۆی لە هەولێری پایتەخت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و بڕیاریشە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

نەورەس عەبدوڵڵا پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر ئەلێکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی خۆی لە هەولێری پایتەخت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.

گوتیشی: بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە سەردانی کۆڕبەندی ئابووری نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا بکات، دواتریش لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە گفتوگۆکانی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی نەمسا باس لەوە دەکرێت کە بەچ شێواز و میکانیزمێک، کونسوڵخانەی نەمسا لە هەولێر بکرێتەوە، چونکە گەشتە راستەوخۆکانی نێوان هەولێر و نەمسا کە لە ساڵی 2006ەوە دەستیپێکردووە و لەگەڵ دروستکردنی ئۆفیسی بازرگانی نەمسا لە هەولێر، دەبێتە کارئاسانی بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی نەمسا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان.

شەوی رابردوو 12/9/2023، ئەلێکساندەر شالنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا بە سەردانێکی فەرمی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment