روبیۆ: ئابووری ئێران لاواز بووە و پێویست بە کردەی نوێی سەربازی ناکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی پێویستی بە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی زیاتر دژ بە ئێران نییە، چونکە ئەو فشارە ئابوورییەی واشنتن خستوویەتییە سەر تاران ئەوەندە قورسە کە پێویست بە گرتنەبەری رێکاری سەربازی ناکات.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی فیدراڵیستەکان جەختیکردەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زیاتر لەلایەن وڵاتەکەیەوە دژ بە تاران پێویست نییە، چونکە ئەو ئازارە ئابوورییەی ئەمریکا بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاندوویەتی، زۆر لەوە زیاتر و توندترە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ گوتی: "ئێستا بە راشکاوی، ئەو ئازارە ئابوورییەی ئێمە بەسەر ئەو رژێمەدا دەیسەپێنین ئەوەندە توندە کە پێویست بە کاری سەربازی ناکات، چونکە ئێمە زۆر لاوازمان کردوون، بەڵام پێموایە سەرکەوتن لەوەدایە دڵنیا بین کە هەرگیز دەستیان بە چەکی ناوکی ناگات".
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دانی بەو ئازارە ئابوورییەشدا نا کە بەهۆی جەنگەکەوە بەر ئەمریکییەکان کەوتووە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاریگەریی لەسەر سەرجەم کەرتەکانی ئابووریی جیهانی دروستکردووە.
روبیۆ روونیکردەوە، بۆ ترەمپ ئاسان بوو پشتگوێخستنی ئەو هەڕەشەیەی بەرنامەی ناوکیی ئێران دروستیدەکات، هەروەها خۆبەدوورگرتن لە جەنگێکی نەخوازراو و هێشتنەوەی کێشەکە بۆ کەسێکی دیکە تا لە دوای خۆی نیگەرانیی بۆ بخوات، بەڵام سەرۆک بڕیاریدا کە نایەڵێت پرسەکە بێ چارەسەر بمێنێتەوە.
لە کۆتاییشدا گوتی: "کارەکە سەختە. ئاسان نییە، بەڵکو دژوارە. زۆرجار وەک دەزانن، دەبێتە هۆی ئازاری ئابووری و جۆرەکانی دیکە. ئێمەش ئەوە دەزانین".
لای خۆیەوە سەرەتای هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، جەنگەکە لە رووی سەربازییەوە بە کردەیی کۆتایی هاتووە.