سەرۆک بارزانی: هیوادارم چارەسەری ئاشتییانە بۆ خەباتی گەلی کورد لە تورکیا بدۆزرێتەوە
K24 - هەولێر
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان کرد و "هیوای خواست چارەسەری ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بۆ خەباتی گەلی کورد لە تورکیا بدۆزرێتەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئەیلوولی ،2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی پارتی سوسیالیستی کوردستان (PSK) بە سەرۆکایەتیی بایرام بۆزیەل، سەرۆکی گشتیی پارتەکە کرد.
لە دیدارەکەدا، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانیدا هاتووە: "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان کرا و سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان کورتەیەکی لەبارەی ڕەوشی لایەنە سیاسییەکانی کوردی لە تورکیا خستەڕوو."
ئاماژە بەوەش کراوە، هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی جەختی "لە یەکڕیزیی لایەنە سیاسیەکانی کورد کردەوە و هیوای خواست چارەسەری ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بۆ خەباتی گەلی کورد لە تورکیا بدۆزرێتەوە".