هەیسەم مەیاحی: نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەرژەوەندی عێراق نابێت

هەیسەم مەیاحی، شرۆڤەکاری سیاسی
هەیسەم مەیاحی، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی، دەڵێت، عێراق دەیەوێت فشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان لە رێگەی نەناردنی شایستە داراییەکانی، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەرژەوەندی عێراق نابێت و دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا هەڵوێست وەربگرێت.

هەیسەم مەیاحی، شرۆڤەکاری سیاسی، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، پێویستبوو شایستە داراییەکانی هەرێم ئیستا نێردرابا بەڵا بەهۆی ناکۆکییەکان تا ئیستا نەنێردراوە، شەوی رابردوو وەزیری دارایی عێراق گوتی "هەشت ترلیۆن دراوە بە هەرێمی کوردستان"، بەڵام ئەوە دوورە لە راستییەوە، بەڵکو جێگەی داخە هەمان رۆڵەی ئەم وڵاتەن کە دەڵێن، 500 ملیاریان پێ دەدرێت، وەک قەرز نەک وەکو شایستە.

هاوکات راشیگەیاند، ئەوان بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسیان دژی هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی زیاتر فشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە و کورتهێنانەکیدی لە بودجەدا رووبدات، هەروەها نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەرژەوەندی عێراق نابێت و دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا هەڵوێست وەربگرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردساتان تەواوی پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە رێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوە حکومەتی عێراقە پابەندی رێککەوتنەکان نەبووە و لە بەڵێنەکانی خۆی پەشیمان بووەتەوە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، دەڵێت: پێویستە رێز لە بنەماکانی دیموکراتی بگیرێت و پێویستە هاووڵاتییانی کورد مافەکانیان بۆ دابین بکرێت، هەروەها سەرۆک بارزانی دوێنێ شەو بە راشکاوانە گوتی "ئێمە پێویستە بە ژمارەکان مامەڵە بکەین و هەناردەی نەوتی هەرێم پێویستە بە ژمارە بخرێنەڕوو، هەروەها پێویستە شایستە داراییەکانی هەرێمیش بە ژمارە بنێردرێن".

هەیسەم مەیاحی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە ناوەڕۆکی هەموو ئەو رێککەوتنانەی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆکراون لە هەموو میدیا عەرەبییەکان بخرێنەڕوو بۆ ئەوەی هەموو جەماوەری عەرەبی لێی تێبگەن، پێویستە ژمارەکان بخرێنەڕوو، "کاتێك وەزیری دارایی عێراق تۆمەتبار دەکەین ئێمە بە ژمارە ئەو تۆمەتبار دەکەین".

گوتیشی: پێویستە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەوە تێبگەیەندرێت ئەگەر حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبووایە حکومەتی عێراق بەم قۆناغە نەدەگەیشت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، باسی لەوەشکرد، حزبە شیعی و سوونییەکان ناتوانن دەستبەرداری حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان بن، بەهۆی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوسەنگی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق راگرتووە.

هەیسەم مەیاحی، جەخت لەوەشدەکاتەوە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی رێز لێ گیراوە و ئەرک و مافیشی لەسەرە، ناوبراو ئەوەشی راگەیاند، "کاتێک ئێمە پەنابەربووین لە هەرێمی کوردستان بنەماڵەی سەرۆک بارزانی و هەموو کوردەکان رێزیان لە ئێمە گرت ئێمەیان پاراست، سەرجەم حزبەکانی دیکەی بەغدا لەژێر چاودێری سەرۆک بارزانی پارێزراو بوون".