ماتیۆ میلەر: داوا لە هەولێر و بەغدا دەکەین ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە بودجە چارەسەر بکەن
K24 - هەولێر:
گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، داوا لە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکەین ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە بودجە چارەسەر بکەن، بە جۆرێک لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق دابێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە (13ـی ئەیلوولی 2023)، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەر وەک لە کۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگی باڵای ئەمەریکا و عێراق لە مانگی شووباتی ئەمساڵ دووپاتمان کردەوە، داوا لە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکەین ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە بودجە چارەسەر بکەن، بە جۆرێک لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق دابێت، وەک ئەوەی لە دەستووری عێراقدا داواکراوە.
سبەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک وەزیر بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەچێتە بەغدا.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەمەبەستی گفتوگۆ و ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبوونەوە لەبەغدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سبەی سەردانی بەغدا دەکەن، هەرێمی کوردستان مەبەستییەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ئەنجام و خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق شایستە داراییەکانیان و لەنێویاندا مووچەیان پێبدرێت".
گوتیشی: "حکومەتی هەرێم پابەندی رێکەوتنەکانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، سەردانی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی و تیمی حکومەت، نیشاندانەوەی نییەتی سەرۆکوەزیران و حکومەتی هەرێمە بۆ گەیشتنە ئەنجام و چارەسەری کێشەکان لە رێگای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان، بەتایبەتی جێبەجێکردنی یاسای بودجە".