رووماڵ

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و حەیدەر عەبادی دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ

K24 - هەولێر

کەمێک پێش ئێستا، کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەم کۆبوونەوەیە، بڕیارە سەرۆکوزەیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقی؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆببێتەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی ئەیلوولی 2023، لە شاری بەغدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدرال و شاندی حکومەتی عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان کردووەتەوە.

سەرۆکی حکومەت هەروەها دووپاتیکردووەتەوە، "نابێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێن و پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن."

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەر لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی حکومەت بیری هەموو لایەکی هێنایەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هەمان چاوەڕوانییان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵ بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی بدرێت لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕاشیگەیاند؛ "بە بڕوای ئێمە عێراق خاوەن سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و سرووشتییە و بە رەخساندنی کەشێکی لەبار و بەڕێوەبردنێکی باش، هەموو عێراق بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت".