رووماڵ

ئاری هەرسین: ئەو یەکڕزییەی کورد لە بەغدا بینرا کاریگەری گرنگی هەبوو

ئاری هەرسین، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان
ئاری هەرسین، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان؛ رایدەگەیەنێت، سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەو کاتەدا زۆر گرنگ بوو، ناوبراو دەشڵێت: تێکچوونی پەیوەندی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە.

ئاری هەرسین، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24؛ رایگەیاند، سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری گرنگییەکی زۆری هەبوو، ئەو یەکڕیزییەی کورد لە کاتی سەردانەکەدا جێگەی دڵخۆشی و ئومێد بوو، هەروەها دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ فراسکیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق زۆر گرنگ بوو.

ناوبراو راشیگەیاند، ئەو یەکڕیزییەی کورد لە بەغدا بینرا کاریگەری گرنگی هەبوو، هەروەها تێکچوونی سەقامگیری هەولێر و بەغدا لە سوودی هیچ لایەنێکی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، جەختیشی لەوە کردەوە، هەر لایەنێک بیەوێت یەکڕیزی هەولێر و بەغدا تێکبدات کەواتە خۆی خاوەنی بڕیاری خۆی نییە و خەڵکی دیکە فشاری لێ دەکەن بۆ ئەوەی ئەنجامی بدات.

ئەو ئەندامەی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئێرانیش گرنگە. باسی لەوەشکرد، ئەگەر لە کۆبوونەوەی سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەرژەوەندی کورد بڕیارنەدرا و ئەگەر ئەو هەموو دانوستانەی پێشوش سوودی نەبوو لەگەڵ بەغدا، دەبێت بیر لەخۆمان بکەینەوە و بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەین، هەروەها "دەبێت رۆژێک بێت ئێمە سنوورێک بۆ بەغدا دابنێن ئەگەر هاتوو هەر دەستی دەستیمان پێبکەن"، "ئێمە نابێت خۆمان بە برا بچووک و خزمەتکاری هیچ میلەتێکی دیکە بزانین لە دنیا، لەبەر ئەوەی ئێمەش وەکو هەموو میللەتێکی دیکە مافی خۆمان هەیە".

ئاری هەرسین، دەڵێت: یەکڕیزی هەرێمی کوردستان بەوە دەپارێزرێت دەبێت پارتی و یەکێتی متمانە لەنێوانیاندا هەبێت، دەبێت ئەجێندایەکی نیشتیمانیش هەبێت کە یەک دەنگ و هاوڕابین لەسەری لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان.

ئەو ئەندامەی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: "دەوڵەتی عێراق بێ هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی لاواز و فاشیلە ئەگەر هەر کەسێک سەرۆکوەزیرانی بێت، هەروەها هەرێمی کوردستان سەقامگیرترین شوێنی عێراق باشترین شوێنە بۆ بازرگانی، خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیان".

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەردانی به‌غدای کرد.

شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەکە لە (لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح؛ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ؛عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی حیکمەی نیشتمانی؛ ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە؛ عەلی خەز عەلی، ئه‌مینداری گشتیی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق و فاڵح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی) کۆبووەوە.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئەنجامی سه‌ردانەکەی شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدڕاڵ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوە کرد، سه‌ردانەکەیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دوو پێشنیازیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستووه‌ته‌ڕوو؛ یه‌كێكیان درێژخایه‌ن‌ و ئه‌وی دیکەشیان كورتخایه‌نه‌.

پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه وەکو ئەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ دا،‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن؛ سه‌باره‌ت بە پێشنیازه‌ كورتخایه‌نه‌كەش‌، گوتی، "رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 17ـی ئه‌یلوولی 2023، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت" و هیواشی خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ ببنه‌ بڕیار و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مافه‌كانیان بگه‌ن.