رووماڵ

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هادی عامری لە کۆبوونەوەدایە

K24 – هەولێر:

شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە کۆبوونەوەیدا.

نەورەس عەبدوڵڵا، نێردراوی کوردستان24، رایگەیاند، کۆبوونەوەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح دەستیپێکرد و تێیدا لەبارەی شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.

هەروەها راشیگەیاند، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هادی عامری، بەدەر لە پرسی بودجە و مووچە،  لەسەر پرسە ئەمنییەکانیش گفتوگۆ دەکەن، بەو پێیەی هادی عامری سەرۆکی لێژنەی کارکردنە لەسەر ماددەی 140 و ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێم.

نێردراوی کوردستان24، ئاماژەی بەوەشدا، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عامری، شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان  بەڕێ دەکەون بۆ ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کۆدەبنەوە، کە ئەمەش کۆبوونەوەیەکی یەکجار گرنگ دەبێت بەو پێیەی نووری مالیکی تا ئیستا پێگەیەکی کاریگەری لە عێراق هەیە و لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەن کورسییەکی زۆرە و هاپەیمانیەتییەکی گەورەیان پێکهێناوە، کە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتە کە پارتی و یەکێتیش تێیدا بەشدارن.

نەورەس عەبدوڵڵا، ئەوەشی خستەڕوو، ئەم کەسایەتییانەی کە ئەمڕۆ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا کۆبوونەوە هەموویان پێگەی کاریگەریان هەیە، هەم لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، هەم لەناو پەرلەمانی عێراق خاوەنی کورسی زۆرن.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوولی 2023) سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 17ـی ئه‌یلوولی 2023، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجام ده‌درێت و زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق گفتوگۆیان له‌سه‌ر كردووه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاری كۆتاییان له‌ باره‌یه‌وه‌ بدرێت.

شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌ پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ پینجشەممە گه‌یشته‌ به‌غدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ده‌ستپێكرد.

دوای گه‌یشتنی شانده‌كه‌، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".