رووماڵ

رەحیم عەبودی: سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا کاریگەری لەسەر رووداوەکانی رابردوو و داهاتوو دەبێت

رەحیم عەبودی، سەرکردە لە رەوتی حیکمە
رەحیم عەبودی، سەرکردە لە رەوتی حیکمە

K24 – هەولێر:

سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە دەڵێت، بەرژەوەندی گشتی وادەخوازێت چارەسەری ریشەیی هەبێت بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ئەمەش روونە لەلایەن هەردوو حکومەتەکان پێشوازی لێ کراوە.

رەحیم عەبودی، سەرکردە لە رەوتی حیکمە، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24؛ رایگەیاند، ئەم سەردانەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم جیاوازە لە سەردانەکانیدی و گۆڕانکاری بەسەر مێزی گفتوگۆکاندا دەهێنێت، کاریگەری لەسەر رووداوەکانی پێشوو و رووداوەکانی داهاتووش دەبێت، هاوکات ئەمڕۆ هەست بە هەناسەیەکی باشتر دەکەین لەلاین حکومەتی عێراقەوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن لە ئاستێکی باشتری بژێوی ژیانیاندا بن.

هاوکات راشیگەیاند، خۆشگوزەرانی رازیکردنی هاووڵاتییان بەبێ نیازپاکی و مێزی گفتوگۆ نایەنە ئاراوە، ئاماژەی بەوەشدا، بەرژەوەندی گشتی وادەخوازێت چارەسەری ریشەیی هەبێت بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ئەمەش روونە لەلایەن هەموو حکومەتەکان پێشوازی لێ کراوە، هەروەها سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو.

ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە دەڵێت: ناکرێت کەمتەرخەمی بەرامبەر بە فەرمانبەران بکرێت لەسەر بنەمای جوگرافیا، پێویستە بەڕێوەبردنی دارایی مووچەکان یەک سەرچاوەی هەبێت، پێویستە داهات و گومرگەکان یەک سەرچاوەیان هەبیت، ئەمە ئەم شتەیە وادیارە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بەدوایدا دەگەڕێن، دەیانەوێت بەڕێوەبردنی دارایی رێکبخنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن هەردوولا مووچەکان بەبێ دوواکەوتن و بەپێی خشتە دابەش بکەن.

رەحیم عەبودی، ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی کێشەیان لەبەرامبەر ئەو بڕیارانە هەیە کە دەرچووە لەلایەن دادگای فیدڕاڵی، ناکرێت مووچەکان دوابخرێت، حکومەت جددییە دەیەوێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، هەروەها ئەو شاندەی هەرێم کە سەردانی بەغدای کردووە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەی ریشەییە، بۆ ئەوەی بتوانن دەرەنجامی زۆر باش بەدەست بهێنن.

گوتیشی: بەم نەفەسەی کە ئێستا هەیە ئەم گفتوگۆیانە کاری راستەقینەن و دیدگای هاوبەش لەنێوان هەردوولا دروستدەکەن بۆ ئەوەی بەڕیوەبەردنی دارایی دووبارە رێکبخرێنەوە، هەروەها ئەگەر نیازەکان راستبن و  دیدگایەکی هاوبەش هەبێت لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی، هاوکات بڕیارێکی سیاسی هاوبەش و کارا هەبێت لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت تەواوی کێشەکانی چارەسەر دەکرێت و زەمینەیەکی راستەقینە دروستدەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و ئەو کێشە هەڵواسراوانەی کە بەڕستی ماوەیەکی زۆرە کوردەکان بەدەستی دەناڵێنن.

ناوبراو روونیکردەوە، هەندێک لایەن دەیانەوێت کێشەکانی نێوان هەولیر و بەغدا چارەسەر نەبن، چونکە بەرژەوەندیان هەیە لە هەبوونی کێشە لەنێوان هەردوو حکومەت.

ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە، ئەوەشی خستەڕوو، ئەو حکومەتە حکومەتێکی جدییە بە دوای چارەسەرێکی کارا دەگەڕێت لە ماددەی 140 و تەواوی کێشەکانی دیکەش لە دەرکردنی نەوت و بەڕێوەبردنی نەوت، هەروەها داراشتنی یاسای نەوت و گاز پێویستە بەڕاستی جێبەجێ بکرێت، جێبەجێکردنیشی پێویستی بە نیازپاکی و دەربڕینی رای هەردوولایە.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئه‌یلوولی 2023) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌ پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گه‌یشته‌ به‌غدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ده‌ستپێكرد.

دوای گه‌یشتنی شانده‌كه‌، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".