غهریب ئهحمهد: شاندی هەرێم رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ

K24 – هەولێر:
ئهندامێکی پهرلهمانی عێراق له فراكسیۆنی یهكێتی، رایدەگەیەنێت، سەردانی ئەمڕۆی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگایەکی باش بۆ گفتوگۆکردن لەنێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ دەکاتەوە، هاوکات دەشڵێت: شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدڕاڵ.
غهریب ئهحمهد، ئهندامی پهرلهمانی عێراق له فراكسیۆنی یهكێتی، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمیر23ـی کوردستان24؛ رایگەیاند، چەند رۆژ و چەند مانگێکە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هەروەها هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەری هەبووە لە یەکڕیزی و تەبایی لە عێراقدا.
هاوکات راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی کە چەند مانگێکە حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە هەر لەم چوارچێوەیەدا کۆمەڵێک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە، هەروەها ئەمڕۆش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا سەردانی بەغدای کردووە و کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامداوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەڵێت: ئەم کۆبوونەوە گشتیگیرانەی ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەمجارەیان هەرێمی کوردستان پتەوتر داخلی گفتوگۆکان بووە و لایەنی عێراقیش بێگومان لەوە گەیشتووە کە هەوڵەکانی هەموو فراکسیۆنیە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق یەک دەنگ بوون لەوەی کە نەدەبوو سزای خەڵکی هەرێمی کوردستان بدرێت و خەڵک برسی بکرێت.
غهریب ئهحمهد، ئاماژەی بەوەشدا، ئەم شاندەی ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگایەکی باش بۆ گفتوگۆکردن دەکاتەوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، شاندی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵ.
ئهمڕۆ (پێنجشهممه 14ـی ئهیلوولی 2023) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گهیشته بهغدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دهستپێكرد.
دوای گهیشتنی شاندهكه، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".