رووماڵ

قوباد تاڵەبانی: مووچەخۆرانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە لە چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچە درێغی ناکەین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ رایگەیاند، خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش مووچەخۆران دڵنیا دەکەینەوە لە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچە درێغی ناکەین.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەدا، "گفتوگۆکانی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەت، بەندەو و شاندی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان زۆر راشکاوانە، جدی و ئەرێنی بوون.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی راگەیاند، خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش مووچەخۆران دڵنیا دەکەینەوە لە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچە درێغی ناکەین.

رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 17ـی ئه‌یلوولی 2023، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجام ده‌درێت و زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق گفتوگۆیان له‌سه‌ر كردووه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاری كۆتاییان له‌ باره‌یه‌وه‌ بدرێت.

هاوکات سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی گه‌شبینی خۆشی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ ده‌ربڕی. جه‌ختیشیكرده‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ سه‌رجه‌م مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێی ده‌ستوور بكه‌ن و هه‌موو شایسته‌ و مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.

نێردراوی کوردستان24 لە بەغدا، ئەوەشی راگەیاند، ئەم کەسایەتییانەی کە ئەمڕۆ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا کۆبوونەوە هەموویان پێگەی کاریگەریان هەیە، هەم لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، هەم لەناو پەرلەمانی عێراق.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (14ـی ئه‌یلوولی 2023) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌ پێکهاتووە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، گه‌یشته‌ به‌غدا و لە کاتژمێر 11ـەوە گفتوگۆکانیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ده‌ستپێكرد.

دوای گه‌یشتنی شانده‌كه‌، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ جەنابی سەرۆکوەزیران و سەرکردەکانی دیکەی عێراق بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان".