نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 94 دۆلار

كێڵگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت
كێڵگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت

K24 – هەولێر:

میدیاكانی جیهان بڵاویانكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو نرخی نه‌وتی خاو به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، بۆ ئه‌مڕۆش نرخه‌كه‌ی زیاتر به‌رزبووه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 15ـی ئه‌یلوولی 2023)، نرخی‌ یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاو له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا به‌ 94 دۆلار و 31 سه‌نته‌.

پێشتریش شرۆڤه‌كارانی "بانكی ئۆف ئه‌مه‌ریكا گڵۆباڵ ریسێرچ"ی ئه‌مه‌ریكی رایانگه‌یاندبوو، به‌هۆی به‌رده‌وامی ئۆپیك پڵه‌س له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی رۆژانه‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ی خواست له‌ ئاسیا له‌سه‌ر نه‌وت، پێشبینی ده‌كرێت تا كۆتایی ئه‌مساڵ نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت 100 دۆلار تێپه‌ڕێنێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌ گرێبه‌سته‌كانی داهاتوودا نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان به‌ رێژه‌ی 2% به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت به‌ نزیكه‌ی 93 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا‌، له‌كاتێكدا نه‌وتی تێكساس بۆ هه‌ر به‌رمیلێگ به‌ 89 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا، ئه‌مه‌ش له‌ ماوه‌ی 10 مانگی رابردوودا بۆ یه‌كه‌م جاره‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌.

مانگی رابردووش ئه‌و بانكه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ له‌ یاداشتێكدا رایگه‌یاندبوو، وڵاتانی ئاسا له‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی وڵاتانی جیهانن بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر وزه‌، له‌كاتێكدا هه‌فته‌ی رابردوو سعوودیه‌ رایگه‌یاند، تا كۆتایی ئه‌مساڵیش له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌رده‌وام ده‌بێت.