ئەو قوتابییانەی یەکەم ساڵی خوێندنیانە دایك و باوکیان لەگەڵیان دەچنە هۆڵەکانی خوێندن

K24 – هەولێر:
ئەو قوتابییانەی یەکەم ساڵی خوێندنیانە و دەچنە پۆلی یەکەمی بنەرەتی، دایک و باوکیان لەگەڵ قوتابییەکان لە قوتابخانە دەمێننەوە و دەچنە هۆڵەکانی خوێندن بۆ ئەوەی قوتابییەکە هەست بە ترس و دڵەراوکێ نەکات، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکیش دەڵێت، دایک و باوکان دڵنیا دەکەینەوە کەوا منداڵەکانیان پارێزراو دەبن.
ئەو منداڵانەی یەکەم ساڵیانە بۆ قوتابخانە و پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بەبێ دایک و باوکیان ناڕۆن، هەروەها قوتابییان لە سەرەتای چوونە بەر خوێندنیان ترسێکی زۆریان هەیە، دایک و باوکیشیان دەیانەوێت ترسی منداڵەکەیان لە قوتابخانە بڕەوێننەوە و پاڵپشتی بکەن.
ئیدریس عەبدوڵڵا، باوکی قوتابی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، منداڵ کە یەکەمجاریتی دێتە قوتابخانە زۆر دەترسێ و دەبێت دایک و باوک هەمیشە لەگەڵیدا بێت بۆ ئەوەی کەمێک لە تەنیایدا رابێت و ترسی بشکێت.
هاوکات واجیدە حەمەد، دایکی قوتابی لەبارەی یەکەم ساڵی خوێندی کوڕەکەی گوتی: من وەک دایکێک هەمیشە حەز دەکەم منداڵەکەم سەرکەوتو بێت، ئەگەر بێت لە سەرەتاوە پاڵپشتی منداڵەکەت بیت بە دڵنیاییەوە بەرەو ئەنجامێک هەنگاو دەنێت و سەرکەوتو دەبێت.
دایک و باوکەکان بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک بۆ مانگێک لەگەڵ منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەبن تا منداڵەکانیان هاورێ پەیدا دەکات و لەگەڵ کەشی قوتابخانە رادێت ئەو کات بەجێی دەهێڵن.
لەلایەن خۆیەوە، بۆتان کەریم، بەڕێوەبەری قوتابخانە، بە کوردستان24ـی گوت: قوتابییان لە گەڕەکە میلییەکان سەرەتا کە دێنە قوتابخانە دایك و باوکیان لەگەڵ خۆیان دەهێنن، بۆ ئەوەی ئەو قوتابییە لە قوتابخانە رابێت و بێزار نەبێت، گوتیشی: دایک و باوکان ئاگادار دەکەینەوە کە پێویست ناکات چیدیکە بێنە قوتابخانە لەگەڵ منداڵەکانیان بەهۆی ئەوەی لەگەڵ مامۆستایان لێرەین و ئاگەداریان دەبین و وادەکەین قوتابخانەیان لەلا خۆشەویشت بکەین.
بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن نزیکەی 155 هەزار قوتابی قۆناغی یەکی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان وەرگیراون و چوونەتە بەرخوێندن.