رووسیا: هەناردەکردنەوەی دانەوێڵە بەرانبەر بە هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکایە

K24 - هەولێر
ئاناتۆلی ئەنتۆنۆڤ باڵیۆزی رووسیا لە واشنتن رایگەیاند، رووسیا چەندین جار پشتڕاستی کردووەتەوە کە دەرگاکەی کراوەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە، بەڵام دەبێت ئەمەریکا هەنگاو بنێت بۆ هەڵگرتنی سزاکان .
ئاژانسی هەواڵی تاس لە زاری ئاناتۆلی ئەنتۆنۆڤ باڵیۆزی رووسیا لە واشنتنەوە بڵاویکردەوە، "رووسیا چەندینجار پشتڕاستیکردووەتەوە، لە بەرزترین ئاستەکاندا، دەرگای گەڕاندنەوەی کارەکان بۆ دەستپێشخەری هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای رەش بە کراوەیی ماوەتەوە".
گوتیشی: تەنیا دەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی لایەنی رووسیا لە رێککەوتننامەکانی ئیستانبوڵ، مسۆگەر بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێککەوتنانە نەک تەنها لایەنی ئۆکرانی، بەڵکو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان رووسیا و سکرتاریەتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، سەبارەت بە دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمە خۆراکی و پەینەکانی رووسیا بۆ بازاڕە جیهانییەکان.
ئەنتۆنۆڤ جەختیشی لەوەکردەوە، ئەگەر کۆشکی سپی بەڕاستی گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسانە بدایە کە پێویستیانە، ئەوا زۆر لەمەوبەر مامەڵەی دەکرد و لە راستیدا سزاکانی لابرد.
لە 17ـی تەمموزدا رووسیا کشانەوەی خۆی لە رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی دەریای رەش راگەیاند، دوای ئەوەی چەندین جار هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی کرد ئەگەر هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە رێککەوتنەکەدا چارەسەر نەکرێن.