ئەندامێکی لیژنەی دارایی: کەس ناتوانێت سکاڵا لەسەر ناردنی 800 ملیار دینارەکە تۆماربکات

خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو 800 ملیار دینارەی بڕیارە مانگانە حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بە شێوەی 'قەرزە'، کەس ناتوانێت لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لە دژی تۆماربکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەدایە و تاوتوێی پێشنیازەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی كێشەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات. چاوەڕێدەکرێت ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی رەها بڕیار لەسەر ناردنی 800 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بدات".

ئەو بڕە پارەیەی کە بە شێوەی قەرز بۆ فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، وەکو ئەوەی خەلیل غازی ئاماژەی پێ دا، لەلایەن هەردوو بانکی رەشید و رافیدەینی عێراقەوە خەرجدەکرێت و بۆ شەش مانگ  (مانگی حەوت تاوەکو 12ـی ئەمساڵ) بەردەوام دەبێت.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "بەهۆی ئەوەی ئەو پارەیەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بە هەرێمی کوردستان دەدرێت بە شێوەی قەرزە، هیچ لایەنێک ناتوانێت لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لە دژی تۆماربکات؛ قەرزکردن لە عێراقی شتێکی ئاساییە و هەموو کەسێک دەتوانێت داوای قەرز بکات".

بە گوتەی خەلیل غازی، "زۆرینەی ئەو لایەنە سیاسییانەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەتەوە، بەڵێنیان داوە، کێشەی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان چارەسەربکەن".

خەلیل غازی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو بڕگەی یاسای بودجە کە خەرجییەکان پەیوەست دەکات بە خەرجی ڕاستەقینەوە (ئینفاقی فیعلییەوە) رێگرە لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەموو لایەنە سیاسییەکان رەزامەندی خۆیان دەربڕیوە لەسەر پێدانی مانگانەی 800 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە کۆتایی ساڵیش، لەگەڵ خەرجی و داهاتی گشتیی هەرێمی کوردستان پاکتاو دەکرێت".