وەزیری بازرگانی عێراق: تەواوی شایستە داراییەکانی جووتیاران خەرج دەکرێت

K24 - کەرکووک

وەزیری بازرگانی عێراق رایدەگەیەنێت، تەواوی شایستە داراییەکانی جووتیاران خەرج دەکرێت و لە پلانیاندایە سایلۆی گەورە لە کەرکووک دروست بکەن.

ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق، ئەمڕۆ سەردانی کەرکووکی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو 750 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی بۆ جووتیاران خەرجکراوە و لە رۆژانی داهاتوو ئەو بڕەی ماوە خەرج دەکرێت.

گوتیشی: "ئەمڕۆ لیستێکی پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ مانگی 6 و 7 ئامادەکراوە، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بودجە هەندێک کێشە هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو کێشەیە نەماوە، هەموو شایستە داراییەکانی جووتیاران خەرج دەکرێت".

سەبارەت بە دروستکردنی سایلۆ لە کەرکووک، وەزیری بازرگانی عێراق گوتی: "پلانمان هەیە سایلۆیەکی گەورە لە کەرکووک دروست بکەین، لەوبارەوە پلانێکی تۆکمەمان داناوە".