هه‌رێمی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌شداره
K24 – هەولێر:
شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا ده‌كات.
شانده‌كه به سه‌رۆكایه‌تی سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له چوارچێوه‌ی شاندی حكومه‌تی فیدراڵ به‌شداری له 78ـه‌مین كۆبوونه‌وه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا ده‌كات.
پێشتریش نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، بەرەبەیانی رۆژی 18ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەغدای پایتەختی جێهێشت و بەرەو شاری نیویۆرکی ئەمەریکا بەڕێکەوت.
لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کرابوو، سوودانی بۆ بەشداریکردن لە 78ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چووەتە نیویۆرک.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی 16ـی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بڕیاره سبەی سێشەممە 19ـی ئه‌یلوولی 2023، كاره‌كانی کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە دروشمی "زیندووکردنەوەی کارنامەی 2030" بەرێوەبچێت، لەمبارەیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سكرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، 140 سەرکردەی وڵاتانی جیهان ئامادەیان لە کۆبونەوەی ئەمجارە دەبێت.
زیندووکردنەوەی کارنامەی 2030 تایبەتە بەکاروباری گەشەپێدانی بەردەوام، پێكهاتووه له پاراستنی ژینگە و سنووردارکردنی سامانە سرووشتییەکان و تێرکردنی وڵاتە برسییەکان و پشتیوانیکردن لە وڵاتە هەژارەکان.