سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەمریکا راگیران

بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی ئەمریکادا بە شێوەیەکی کاتی راگرت و، هۆکارەکەشی بۆ بارودۆخی نائاسایی و پرسی پەیوەست بە سەلامەتی گەڕاندەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا، جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکانی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکە راگرت، ئەمەش لە چوارچێوەی بڕیارێکدا کە بە دەگمەن وەسف کرا و هۆکارەکەشی بۆ بارودۆخی نائاسایی و هۆکاری پەیوەست بە سەلامەتی گەڕێندرایەوە.

بە گوێرەی راگەیەنراوی بەشی چاودێریی جووڵەی ئاسمانی لە دەستەی فڕۆکەوانیی فیدراڵیی ئەمریکا، پێویستە سەرجەم ئەو فڕۆکانەی گەشتی دەرچوونیان هەیە، تا ئاگادارییەکی تر لەسەر زەوی بمێننەوە و گەشتەکانیان ئەنجام نەدەن، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گەشتە نێودەوڵەتییانەی دەگەنە خاکی ئەمریکا، بەپێی بارودۆخی هەر حاڵەتێک بە جیا ئەنجام دەدرێت.

ئەم بڕیارە یەکێکە لە رێکارە هەرە دەگمەنەکان کە جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکان لەسەر ئاستی تەواوی وڵاتەکە لەخۆ دەگرێت؛ چونکە بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی روودانی کێشەدا پەنا بۆ ڕاگرتنی سنووردار یان بەشەکیی گەشتەکان لە چەند فڕۆکەخانەیەکی دیاریکراودا دەبردرێت، لە کاتێکدا راگرتنی سەرجەم گەشتە دەرچووەکان لە هەموو فڕۆکەخانەکانی ئەمریکادا بە هەنگاوێکی تەواو نائاسایی و چاوەڕواننەکراو دادەنرێت.

هاوکات شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، هۆکاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان دروستبوونی کێشە بووە لە پەیوەندییەکانی نێو فرۆکەخانەکان و بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵی لێکۆڵینەوە لە کێشەکە دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، کەناڵی فۆکس نیوز بڵاوی کردەوە، ئەمە یەکەمجارە دوای هێرشەکەی 11ـی سێپتێمبەری ساڵی 2001 سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە وڵاتەکە رابگیرێن.