سبهی دیداری کوردستان بۆ ئاشتی بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر:
بە گوێرەی راگەیهندراوێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سبەی پێنجشەممە 21ـی ئهیلوولی 2023، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ئاشتی، دیداری کوردستان بۆ ئاشتی بەڕێوەدهچێت.
راگەیهندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دیدارەکە لە ژێر چاودێری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بە هەماهەنگیی لەگەڵ تۆڕی هاوپەیمانی کەمینەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
هاوکات لە دیدارەکە نوێنەری ئایینە جیاوازەکان زنجیرەیەک گوتار لەبارەی رۆڵی و ئاین لە ئاشتی و پێکەوە ژیاندا پێشکەش دەکەن.
پێشتریش نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی راگەیاندبوو، بەپێی یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2015ـی پەرلەمانی كوردستان، حەوت ئایین لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتپێدراون و بەپێی یاسا رێكخراون و نوێنەرایەتییان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیدا هەیە، هەروەها لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی (پێكەوەژیانی ئایینی) چالاكییان هەیە.
نەبەز ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەشدابوو، هەردوو پێكهاتەی ئایینی كریستیان و ئێزدیی، خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و كاروباری تایبەت بە خۆیانن و هەر خۆشیان بەڕێوەی دەبەن، بەڵام سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیە.
لەبارەی ناوی ئایینەكانیش، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بۆ هەر یەك لە ئایینەكانی ئیسلام، كریستیان، ئێزدی، بەهائی، سابیئەی مەندائی، جوو، زەردەشتی كرد و گوتی: ئەم ئایین و باوەڕانە سەرجەمیان چالاكییان هەیە و پەیوەندییەكی بەهێزیش لە نێوانیاندا بوونی هەیە و بەشداریی بۆنە و مەراسیم و چالاكیی یەكتریش دەكەن".
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئهوهشی خستبووهڕوو، لە هەرێمی كوردستان پێنج هەزار و 800 مزگەوت هەن، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 200 مزگەوت گوتاری هەینی تێدا دهخوێندرێت، كە لە چوارچێوەی بۆردێكی باڵای دانانی گوتار سەرپەرشتی دەكرێن.