بەختیار حەمەد: کۆدی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن کارا دەبێت

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، بەمزووانە کۆدی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن کارا دەبێت.
بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئێستادا کۆدی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی عێراق کارایە و تا 24ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، هاوکات بەم زووانەش کۆدی دەرچووانی هەرێمی کوردستان کارا دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئاماژەی بەوەدا، سێ یەکەمەکانی زانکۆ کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، ئەوانیش کۆدەکانیان بۆ نێردرابوو بەڵام کارا نەبوو، بۆ ئەم مەبەستە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو تیمێکی هونەری ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها ئەو تیمە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاووتوێکردنی چالاكکردنی کۆدی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن کۆدەبێتەوە.
بەختیار حاجی حەمەد، هەروەها راشیگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەی تیمی هونەری ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی و وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، کۆدی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن کارا بکرێت، ئەو کارابوونەش بۆ ماوەی نزیکەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەرێوەبەری گشتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، هەموو سێ یەکەمی زانکۆکانی هەرێم کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، ئەوانەی کۆدیان وەرگرتووتەوە دڵنیا دەکاتەوە کە مافیان زامنکراوە.
دوای ئەوەی سێ یهكهمهكانی دهرچووانی (2015-2016 و 2016-2017) لە ماوەی رابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە فەرمانی دامەزراندیان بۆ دەرچوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەڕێگەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ناوی نۆ هەزار و 800 سێ یەکەمی ساڵەکانی دواتری رەوانەی ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی کرد.
لەلایەن خۆیەوە، ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی رەزامەندی سەرەتایی نیشانداوە بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن کە ژمارەیان 674 دەرچوو دەبن.
لەماوەی رابردوو ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی جارێکی دیکە بە مەبەستی راستکردنەوەی شێوازی نووسینی ناوەکان کە داوای کردووە بە زمانی عەرەبی ناوی دەرچووەکان بنووسرێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لیستی ناوەکانی لەڕێگەی نوێنەرایەتی خۆیەوە لە بەغدا ئاراستەی ئەنجوومەنی گشتی راژەی فیدراڵی کردووەتەوە.
لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بۆ پەسەندکردن، حکومەتی عێراق دامەزراندنی 729 هەزار پلەی وەزیفی جێگیرکردووە لە تەواوی وەزارەت و پارێزگاکانی عێراق، بەڵام دامەزراندنی تەنیا لە سنووری دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی سنووردارکردووە.