رێڕەوەکانی عێراق، چین و هیندستان بۆ ئەوروپا؛ ململانێی زلهێزەکانی جیهان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازرگانی

نەخشەی هەردوو رێگەی ئاوریشمی چین و رێڕەوی ئابووری هیندستان
نەخشەی هەردوو رێگەی ئاوریشمی چین و رێڕەوی ئابووری هیندستان

K24 – هەولێر:

ئێستا جیهان تاوتوێی دروستکردنی سێ رێڕەوی ئابووری دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، کە کێبڕكێ کەوتووەتە نێوان وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە، بۆ پشتیوانی کردن لە جێبەجێکردنی خێرای پرۆژەکان، بەشێوەیەک هەردوو پرۆژەی رێگەی ئاوریشمی چین و رێڕەوی ئابووری هیندستان، بەشێوەیەکی نێودەوڵەتی کاری لەسەر دەکرێت و پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراقیش لەسەر ئاستی ناوچەکە کاری لەسەر دەکرێت.

بەپێی بۆچوونی شارەزایانی ئابووری، ئەو پرۆژەیەی زۆرترین قازانجی ئابووری و بەهێزترین پشتیوانی سیاسیی هەیە لە جێبەجێکردنی سەرکەوتوو دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەگەری ئەنجامدانی هەموو پرۆژەکانیش، ئەو ژمارانەی لەبارەی سوودە بازرگانی و ئابوورییەکانی وەک پێشبینی دەخرێنەڕوو، تەواو دەرناچن و دوورنییە، بارگرانی زۆر بخاتەسەر ئابووری وڵاتانی جێبەجێکار لە داهاتوودا.

هەرچەندە هیندستان لەسەر ئاستی جیهان لە رووی بازرگانییەوە لە چین لاوازترە، بەشێوەیەک بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی بازرگانی هیندستان، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەرەکی ئەو وڵاتە ساڵانە دەگاتە 1.5 ترلیۆن دۆلار، لە بەرامبەردا بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی نیشتمانی چین بۆ ئامار، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەرەکی ئەو وڵاتە ساڵانە زیاترە لە 6.3 ترلیۆن دۆلار، بۆیە ئەمەش رۆڵی و کاریگەی دەبێت لەسەر سەرکەوتنی پرۆژەی رێڕەوە ئابوورییەکانیان لە پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی جیهان.

هەروەها قەبارەی هەناردەکردنی چین هەشت هێندەی هەناردەی هیندستانە، بەجۆرێک هیندستان ساڵی رابردوو، بڕی هەناردەکردنی گەیشتە 450 ملیار دۆلار، کەچی لە هەمان ساڵدا، چین قەبارەی هەناردەکردنی بەرهەمەکانی گەیاندە 3.59 ترلیۆن دۆلار.

هەرچی تایبەتیشە بە عێراق، جگەلە نەوت و ماددە کیمیاییەکان، ئاستی هەناردەکردنی لاوازە و ئامانجیشی لە دروستکردنی رێگەی گەشەپێدان، سوودوەرگرتنە لە شوێنە جوگرافییەکەی بۆ دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لەنێوان ئەوروپا و تورکیا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

رێگەی گەشەپێدانی عێراق

رۆژی (27ـی ئایاری 2023)، بە بەشداریی نوێنەری هەریەک لە وڵاتانی سعوودیە، تورکیا، سووریا، ئوردن، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، عومان و ئێران هەروەها نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتیی و یەکێتیی ئەوروپا، کۆنفرانسی "رێگەی گەشەپێدان" بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە دەستیپێکرد.

رێگەی گەشەپێدان پێکهاتووە لە رێگەی وشکانی و ئاسنین کە لە رێگەی بەندەری فاو لە باشووری عێراق، دەروازەی پێشابوور لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبەستێتەوە و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن.

گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2024 دەستپێبكات و لە 2028 کۆتایی پێبێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە و هەردوو رێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.

ئالنگاری ناوخۆیی لە بەردەوم ئەو پرۆژەیەدا، دۆخی ئابووری و ئاسایشی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و ناسەقامگیری سیاسییە، هەروەها بەهۆی داڕشتنی نەخشەی رێگەکە بۆ ئەوەی بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە تێپەڕنەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە ئاراستەی رێڕەوەکە دەستکاری بکرێت و بە سنووری هەرێمی کوردستانەوە دەربازی وڵاتی تورکیا بێت، کە تاوەکو ئێستا بەغدا وەڵامی ئەو پێشنیازەی بە فەرمی نەداوەتەوە.

هاوکات دۆخی ئاسایشی ناوچەکە بەتایبەتی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا، مەترسییەکی دیکەن لەسەر سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە لە دۆخی ئێستادا، هەروەها ئارەزووی تورکیا بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو پرۆژەیە، ئالنگارییەکی دیکەیە، ئەگەر لەگەڵ گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران رێککەوتن نەکات لە ئەگەری وەرگرتنی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە، کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە عێراق.

رێگەی ئاوریشمی چین (One belt One road)

رێگەی ئاوریشم کە لە وڵاتی چینەوە دەستپێدەکات، بە 66 وڵاتی ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەوروپا بەیەک دەبەستێتەوە و بۆ مەبەستی بازرگانیکردن بەکاردێت و سوودی بازرگانی بۆ 123 وڵات دەبێت.

ئەم پرۆژەیە لە ساڵی 2013ـەوە حکومەتی چین کاری لەسەر دەکات و بەپێی خوێندنەوە سەرەتاییەکان، رێگەی ئاوریشمی ساڵانە چەندین ملیار دۆلار قازانجی ئابووری بۆ ووڵاتی چین دەبێت، لە (24ـی نیسانی 2019) یەکەم کۆبوونەوەی فراوان لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە بۆ ئەو مەبەستە ، بە سەرۆکایەتی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بەڕێوەچوو.

بیرۆکەی ئەم رێگەیە، پاشخانێکی مێژوویی هەیە و پێش 200 ساڵ پێش زایین، ئیمپراتۆریەتی ئەوسای چین، دروستکردنی رێڕەوێکی ئابووری بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا بەهەند وەرگرتووە بۆ کاری بازرگانی و زۆرترین کەلوپەلی گواستراوەش لەو رێگەیەوە ئاوریشم بووە، بۆیە ئێستاش ئەو ناوە پێشنیاز کراوە بۆ ناونانی رێگەکە.

رێگەی ئاوریشمی چین سێ کیشوەری ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا بەیەک دەبەستێتەوە و درێژییەکەی دەگاتە (10 بۆ 12 هەزار کیلۆمەتر)ـە و کۆی گشتی تێچووی تەواوکردنی ئەو پرۆژەیەش پێشبینی دەکرێت لە 900 ملیار دۆلار تا 1.4 ترلیۆن دۆلار بێت.

چین دەیەوێت ئەو رێگەیە تا بەریتانیا درێژبێتەوە کە ئەوکات ماوەی گواستنەوەی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە تەنیا دەبێتە 17 رۆژ بۆ گەیشتنی بەرهەمی چینی بە بەریتانیا. لەگەڵ ئەوەشدا، رێگەی ئاوریشمی چین، وشکانی و دەریایی لەخۆدەگرێت، بەپێی خشتەی رێگەی وشکانی ئەو رێڕەوە بازرگانییە، لە شای چاین دەستپێدەکات و بە ئێران و تورکیا رووسیا و هۆڵەندا دا دەڕوات و لە وڵاتی ئیتاڵیا کۆتایی دێت. رێگەی دەریاییەکەشی لە شاری فوزهو دەستپێدەکای و بە ڤێتنام، مالیزیا، سەنگاپورە، ئیندۆنیزیا، سریلانکا، هیندستان، کینیا، جیبۆتی، میسر و یۆنان دا تێدەپەڕێت و لە ئیتاڵیا خاڵی کۆتایی وەستانی دەبێت.

ئەوەی ئالنگارییە لەبەردەم حکومەتی چین، جگەلە سوودمەندنەبوونی وڵاتانی کیشوەرەکانی ئەمەریکا و ئوسترالیا، هەریەکە لە ئەمەریکا، هیندستان، ژاپۆن و ئیسرائیل لە دیارترین ئەو وڵاتانەن کە بەشدارنین و ئامادەش نین هاوکاربن لەگەڵ چین بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە، هاوکات بەهۆی تێپەڕنەبوونی بە وڵاتی عێراقیش سوودی ئابووری و بازرگانی راستەوخۆی نابێت و تەنیا ئێران و تورکیا نزیکترین خاڵی رێڕەوی ئاوریشمی چین دەبن لێیەوە.

رێڕەوی ئابووریی هیندستان (India-Middle East-Europe Corridor)

نوێترین پێشنیازی وڵاتانی زلهێزی جیهانە بۆ وەستانەوە بەرامبەر هەوڵەکانی چین بۆ سەپاندنی باڵادەستی خۆی لەسەر ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهان، ئەویش لە کۆبوونەوەی لوتکەی گرووپی 20ـی ئەمساڵ کە لە هیندستان بەڕێوەچوون، پێشنیازکرا بە دروستکردنی رێڕەوی ئابووری هیندی کە لە رێگەی وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، هیندستان بە ئەوروپا دەبەستێتەوە.

ئەم رێڕەوە ئابوورییە کە مەبەست لێی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە، كارەبا، هایدرۆجین و داتایە، هەریەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، سعوودیە، ئیمارات، یەکێتی ئەوروپا و ئیسرائیل پشتیوانی دەکەن و پرۆژەکە رێگەی هێلی ئاسنین و بەستنەوەی بەندەرەکان لە رێگەی گواستنەوەی دەریاییەوە لەخۆدەگرێت.

ڕێڕەوی ئابووری هیندی، لە دوو رێگە پێکدێت، رێگەی یەکەم وڵاتی هیندستان بە وڵاتانی کەنداوی عەرەبییەوە دەبەستێتەوە و رێڕەوی دووەمیش لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبییەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە ئەوروپا بە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل و ئەفریقادا دەڕوات، پێشبینی ئەوەش کراوە، بە تەواوبوونی ئەو رێڕەوە، ماوەی گواستنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە رێژەی 40% کەمبکاتەوە.

ئالنگارییەکانی بەردەم ئەم رێڕەوە ئابوورییە، پشتیوانی نەکردنی چین و رووسیایە هاوکات تورکیاش بەهۆی ئەوەی رێڕەوەکە بە وڵاتەکەیدا تێپەڕنابێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەدا نییە بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی ئابووری و بازرگانی تێدا هەبێت.

ئامانجی ئەمەریکا لەو رێڕەوە ئابوورییەدا، ئەنجامدانی وەبەرهێنانە لە بواری دامەزراندنی هێلی شەمەندەفەر، کە بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەوانەش ئەنگۆلا، کۆنگۆ و زامبیا تا دەگاتە ئۆقیانووسی هیندی.

هاوکات هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا لەو پرۆژەیە، دەستگەیشتنی زیاترە بە سەرچاوەکانی وزە و ئاسانکاری لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و لەو رێگەیەشەوە، هەلی کاری زیاتر لەو وڵاتانەی پێیدا تێپەڕدەبێت دەرەخسێنێت کە ئەمەش هاوکار دەبێت لە کەمکردنەوەی رێژەی کۆچکردنی نایاسایی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپاش ئاماژەی بەوەکردووە، "رێڕەوی ئابووری هیندی، پرۆژەیەکە لە دروستکردنی هێلی ئاسنین گەورەترە و دەبێتە پردێکی سەوز و دیجیتاڵی لەنێوان کیشوەرەکانی جیهان".