گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئامادەکاری بۆ راکێشانی گەشتیاری زستانە دەکات

K24 – هەڵەبجە:

ساڵانە بەسەدان هەزار گەشتیار بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لە ناوەڕاست و باشووری عێڕاقەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان دەکەن، بەڵام لەوەرزی سەرما و سۆڵەدا گەشتیاره‌ عەرەبه‌كان نایەن و ئەوەی سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەورامان دەکات ته‌نیا گەشتیاری ناوخۆین.

وردە وردە بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن. گەشتیاریش لەناوچە گەشتیارییکانی هەورامان کەم دەبێتەوە، ئەگەرچی هەورامان لەوەرزی سەرماشدا دیمەنێکی جوان دڵڕفێنی هەیە بەڵام گەشتیارێکی کەم رووی تێدەکەن. غالب هەورامی، خاوەنی یەکێک لە رێستوارانتەکانی هەورامان بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستە ئاسانکاری بۆ هاتنی گەشتیار بکرێت لەوەرزی سەرمادا، هەروەها پێویستە تەلەفریک دابنرێت بۆ ئاسانکاری هاتووچۆی گەشتیاران.

ساڵانە لە وەرزی سەرمادا هەورامان دیمەنێکی جیاوازی هەیە، بوونی گەڵاڕێزانێکی جوان و بەفرێکی زۆر دیمەنی وەک تابلۆیەکی هونەری دەنەخشێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و نەبوونی تەلەفریک کەمترین گەشتیار رووی تێدەکەن.

لەلایەن خۆیەوە، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، بە کوردستان24ـی گوت: "بۆ راکێشانی گەشتیار لەوەرزی سەرمادا پێویستمان بەفێستیڤاڵ و پڕۆژە هەیە، پڕۆپۆزەڵیشمان ئاماده‌كردووه‌ بەڵام پارە نییە، هەروەها راکێشانی گەشتیاری زستانە پێویستی بە پڕۆژەی هەمەجۆر هەیە".

ساڵانە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەسەدان هەزار گەشتیار ڕوو لە هەورامان دەکەن و زۆربەی گەشتیارەکانیش گەشتیاری باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، بەڵام لەوەرزی سەرمادا هیچ گەشتیارێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەردانی هەورامان ناکەن.چونکە هیچ خزمەتگوزارییەکی پێویست و هیچ شوێنێکی گونجاو نییە بۆ مانەوە و کات بەسەربردنی گەشتیاران، ئەوانەی سەردانی هەورامان دەکەن گەشتیاری ناوخۆی هەرێمی کوردستانن.

Fly Erbil Advertisment