گفتوگۆ سێقۆڵییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

K24 – هەولێر:
گفتوگۆ سێقۆڵییەکانی نێوان تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (Iraq Oil Report)، لە چەند رۆژی رابردوودا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان کۆمپانیای سۆمۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای بۆتاسی تورکی، لە هەولێر و ئیستانبوڵ ئەنجامداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا و تاوتوێکردنی کێشە تەکنیکی و بازرگانییەکانی پەیوەست بەو پرۆسەیە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی سێکتەری نەوت لە عێراق، گفتوگۆ سێقۆڵییەکان لەبارەی چەند تەوەرەیەکەوە بووە، کە بریتین لە کرێی گواستنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆرییە نەوتییەکان، جۆر و بڕی هەناردەکردنی نەوت، کەمترین ئاستی بەرهەمهێنان و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت و پابەندبوونی بەغدا و ئەنقەرە بە کردنەوەی بۆرییە نەوتییەکان.
رۆژی (21ـی ئەیلوولی 2023) سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمەریکا هەوڵی خۆی دەدات لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە بۆ ئەوەی بگەنە نزیکبوونەوەیەکی زیاتر و ئەو گرفتەش چارەسەر بکرێت و دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.
هەروەها رۆژی (22ـی ئەیلوولی 2023) کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق لەگەڵ برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامۆس هۆچستن، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمه‌ریکا بۆ وزە و وەبەرهێنان، ئاماژەی بەوەکرد، "کۆشکی سپی داوای دەستبەجێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا کردووە".
پێشتریش چەند سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەیان بەوەکردبوو، چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتووەوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەستپێبکاتەوە.
هاوکات لە دیداری نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە رۆژی 19ـی ئەم مانگە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی تورکیایەوە دووپاتکردەوە.
رۆژی دووشه‌ممه (18ـی ئه‌یلوولی 2023) فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگەیاند، یه‌كێك له بژارده‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌نێوان توركیا و عێراقدا هه‌یه، بریتییه له جیاكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای پاریس له هێڵی بۆری به‌نده‌ری جه‌یهان. جه‌ختیشیكرده‌وه، داخستنی هێڵی بۆری به‌نده‌ری جه‌یهان، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ عێراق دروست كردووه، كه به‌هۆیه‌وه هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت رۆژانه بڕی 400 هه‌زار به‌رمیل بۆ ده‌ره‌وه هه‌نارده بكات، كه ئه‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ی دارایی به عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌ت كه له ئێستادا نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزبووه‌ته‌وه.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی (15ـی ئەیلوولی 2023) ئاڵپئەرسەلان بەیرەکتار، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاندبوو، کێشە تەکنییەکانی بۆری گواستنەوەی نەوت لە نێوان تورکیا و عێراق تەواوبوونە و بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئامادەیە.
رۆژی 22ـی مانگی رابردوو لە ئەنقەرە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئاڵپئەرسەلان بەیرەکتار، وەزیری وزەی توركیا كۆبووەوە و رۆژی 24ی هه‌مان مانگیش (ئابی رابردوو) بەیرەکتار سه‌ردانی هه‌ولێری كرد، كه هاوكاتی سه‌ردانه‌كه‌ی هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بوو بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
رۆژی یەکشەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەندی بە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نەماوە و ئێستا تۆپەکە لە یاریگەی تورکیادایە. دەبێت ئەو رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات. ئەگەر ئەو دەرگایە کراوە، هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن."
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا.
هەروەها رۆژی (سێشەممە 4ی نیسانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێ‌کرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.
به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کە دواتری لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) جێگیرکرا، پێویسته هه‌رێمی كوردستان رۆژانه 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ بكات، له‌به‌رامبه‌ردا شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه دابینبكرێت.
كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به وه‌كاله‌ت، لە (4ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، له 25ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، رۆژانه 50 هه‌زار تا 102 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غدا كراوه، به‌گشتی رۆژانه 85 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت دراوه‌ته به‌غدا، به‌ڵام له‌و كاته‌وه تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک خه‌رجنه‌كراوه.
دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە، بەڵام تاکو ئێستا به‌غدا چاوەڕێی وەڵامی ئهنقهرهیە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.