کەشتییەکی دانەوێڵەی ئۆکرانیا گەیشتە ئیستانبوڵ

کەشتییەکەی ئۆکرانیا کە ئاڵای دوورگەکانی پاڵاوی هەڵکردبوو
کەشتییەکەی ئۆکرانیا کە ئاڵای دوورگەکانی پاڵاوی هەڵکردبوو

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەو کەشتیەی کە دانەوێڵەی ئۆکرانیای هەڵگرتبوو، لە رێگەی دەریای رەش گەیشتە شاری ئیستانبوڵ، ئەمەش دووەم جارە ئەو کەشتییە بارەکەی دەگەیێنێتە ئەوشارە، دوای کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتننامەی دانەوێڵە.

ئەمە دووەم کەشتیی دەریاییە کە لە ئۆکرانیاوە دانەوێڵە دەگوازیتەوە بۆ ئیستانبوڵ، چونکە مۆسکۆ هەڕەشەی بۆردومانی هەر کەشتییەکی کردبوو کە لەو رێگەیەوە تێبپەڕێت.

کەشتییەکە ئاڵای دوورگەکانی پاڵاوی هەڵکردبوو، کە رۆژی هەینی لە بەندەری کۆرنۆمۆرسکەوە لە باشوری ئۆدێساوە بەڕێککەوت و ئەمڕۆ گەیشتە تورکیا.

کەشتییەکە ڕێگایەکی دەریایی گرتەبەر کە لەلایەن کیێڤەوە دامەزراوە بۆ خۆلادان لەو گەمارۆیەی کە رووسیا سەپاندوویەتی لەو کاتەوەی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی لەسەر هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشدا بەسەرچووە، ئەمەش دوای کشانەوەی مۆسکۆ لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو.

ماڵپەڕەکانی "مارین ترافیک و ڤیسڵ فایندەر" رایانگەیاند، کەشتییەکە 17 هەزار و 600 تۆن گەنمی ئۆکرانی دەگوازێتەوە بۆ میسر، کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە دەریای مەڕمەڕە بووە.

لە ناوەڕاستی مانگی حەوتدا، مۆسکۆ لەو ڕێککەوتنە کشایەوە کە لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 لە ئیستانبوڵ واژۆکرا بۆ رێگەدان بە هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئۆکرانیا لە دەریای رەشدا.

ساڵانە نزیکەی 33 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە هەناردەی وڵاتان دەکرێت.