کۆریای باکوور سنوورەکانی بە رووی هاووڵاتییانی بیانی دەکاتەوە

گەشتکردن بۆ کۆریای باکوور - وێنە: ئەرشیف
گەشتکردن بۆ کۆریای باکوور - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

میدیای فەرمی وڵاتی چین بڵاوی کردەوە، کۆریای باکووری بڕیاریداوە رێگە بە هاتنی هاووڵاتییانی بیانی بدات بۆ وڵاتەکەی، دوای سێ ساڵ لە داخستنی سنوورەکانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

رۆژی دووشەممە (25ـی ئەیلوولی 2023)، کەناڵی (سی سی تیڤی)ـی چینی بڵاویکردەوە، کۆریای باکوور لەمڕۆوە سنوورەکانی بە رووی هاووڵاتییانی بیانی دەکاتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەو وڵاتەوە هیچ لێدوانێکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە.

هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، کۆریای باکوور جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، هەر هاووڵاتییەکی بیانی سەردانی وڵاتەکەیان بکات دەبێت ماوەی دوو رۆژ کەرەنتینە بکرێت و پشکنینی پزیکشی بۆ ئەنجام بدرێت، دواتر بۆ مەبەستی گەشتکردنەکەی رێگەی پێدەدرێت تێکەڵاوی لەگەڵ کەسانی دیکەدا هەبێت.

لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆریای باکووری بڕیاریدا سنوورەکانی بەرووی هەموو گەشت و سەردانێک دابخات، تەنانەت گەڕانەوەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خۆشی.

ئەم بڕیارەی کۆریای باکوور دوای ئەوە دێت، لە سەرەتای ئەم مانگە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور دێت بۆ رووسیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا.

هەروەها یەکشەممە رابردوو، کۆریای باکوور رەزامەندیدا لەسەر ناردنی وەرزشکارانی وڵاتاکەی بۆ پاڵەوانیەتی یارییەکانی ئاسیا 2023 کە لە شاری هانگژۆی چین بەڕێوەدەچێت.

 لەگەڵ ئەوەشدا، مانگی رابردوو کۆریای باکوور بڕیاریدا بە رێگەپێدان بە گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، رێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان بەهۆی رێکارە پەیڕەوکراوەکانی کۆریای باکوور بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەیان.