ناتانیاهۆ: دەبێت هەڕەشەی ئێران بە یەکجاری بنبڕ بکەین

 سەرۆکوەزیرانی کاربەڕیکەری ئیسرائیل، جەختی لەسەر پێویستیی نەهێشتنی هەڕەشەکانی ئێران کردەوە و رایگەیاند، دەبێت ئەو هەڕەشەیە جارێک و بۆ هەمیشە کۆتایی پێ بهێنرێت.

شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕیکەری ئیسرائیل لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئێران جارێکی دیکە کار بۆ زیندووکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات و سڵ لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێمە ناکاتەوە.

هاوکات گوتی: پێوسیتە ئەو هەڕەشەیە بە یەکجاریی کۆتایی پێبهێندرێت، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە ئاشتیی سەرتاسەری و ئارامیدا بژیت.

سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ جارێکی دیکە داواکارییەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، پێویستە لایەنەکان بیر لە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی بکەنەوە و بەرپرسیارانە بڕیار لە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێی نیشتمانی بدەن.

ئەم لێدوانەی بنیامین ناتانیاهۆ دوای ئەوە هات، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتارێکدا لەبەردەم کۆمەڵەی فیدراڵیستەکان جەختیکردەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زیاتر لەلایەن وڵاتەکەیەوە دژ بە تاران پێویست نییە، چونکە ئەو ئازارە ئابوورییەی ئەمریکا بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاندوویەتی، زۆر لەوە زیاتر و توندترە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ گوتی: "ئێستا بە راشکاوی، ئەو ئازارە ئابوورییەی ئێمە بەسەر ئەو رژێمەدا دەیسەپێنین ئەوەندە توندە کە پێویست بە کاری سەربازی ناکات، چونکە ئێمە زۆر لاوازمان کردوون، بەڵام پێموایە سەرکەوتن لەوەدایە دڵنیا بین کە هەرگیز دەستیان بە چەکی ئەتۆمی ناگات".

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دانی بەو ئازارە ئابوورییەشدا نا کە بەهۆی جەنگەکەوە بەر ئەمریکییەکان کەوتووە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاریگەریی لەسەر سەرجەم کەرتەکانی ئابووریی جیهان دروستکردووە.

روبیۆ روونیکردەوە، بۆ ترەمپ ئاسان بوو پشتگوێخستنی ئەو هەڕەشەیەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دروستیدەکات، هەروەها خۆبەدوورگرتن لە جەنگێکی نەخوازراو و هێشتنەوەی کێشەکە بۆ کەسێکی دیکە تا لە دوای خۆی نیگەرانیی بۆ بخوات، بەڵام سەرۆک بڕیاریدا کە نایەڵێت پرسەکە بێ چارەسەر بمێنێتەوە.

لە کۆتاییشدا گوتی: "کارەکە سەختە. ئاسان نییە، بەڵکو دژوارە. زۆرجار وەک دەزانن، دەبێتە هۆی ئازاری ئابووری و جۆرەکانی دیکە. ئێمەش ئەوە دەزانین".

لای خۆیەوە سەرەتای هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، جەنگەکە لە رووی سەربازییەوە بە کردەیی کۆتایی هاتووە.