پشکنینی DNA بۆ تەرمی قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانییە دەکرێت

رووداوەکەی حەمدانییە - وێنە: AFP
رووداوەکەی حەمدانییە - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

بەهۆی بەرزی رێژەی سووتانی جەستەی بەشێک لە قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانییە، بۆ ناسینەوەیان نزیکەی 50 قوربانی رووداوەکە پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ دەکرێت.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023)، رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین بە کوردستان24ـی راگەیاند: تەرمی نزیکە 50 قوربانی هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە و نەناسراونەتەوە.

رۆمیۆ هەکاری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تەرمانەی تائێستا نەناسراونەتەوە لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ دەکرێت، بۆ ناسینەوەی ناسنامەیان و دواتر بەخاک دەسپێردرێن.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی ئەساقیفەی مووسڵی سریانی کاسۆلیک رایگەیاند، "کارەساتێکی گەورە بەسەر بەغدیدای ناوچەکەماندا هاتوو، ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە بووتەوە کارەساتێکی راستەقینە. تاکو ئێستا ژمارەی قوربانیان بە روونی دیار نییە، بەڵام بە گوێرەی ئامارەکانی دوێنێ 91 قوربانی بووە و ژمارەکەش لە بەرزبوونەوەدایە. ئێمە تەنیا دوێنێ 48 قوربانیمان ناشتووە".

دوای تێپەڕینی سێ رۆژ بەسەر رووداوە کارەساتبارەکەی حەمدانییە، هێشتا تەرمی ژمارەیەک قوربانی نەدۆزراونه‌ته‌وه‌  و ئەندامانی رێکخراوی مانگی سووری عێراقی و تیمی ئەمنیی لەژێر داروپەردووی هۆڵە سووتاوەکەدا بەدوای تەرمه‌كاندا دەگەڕێن.

کەسوکاری قوربانیان لە نزیک هۆڵەکە وەستاون و بە شین و رۆڕۆ و له‌خۆدان چاوەڕێی دۆزینەی تەرمی ئازیزانیان دەکەن و مازن جۆرجیس، یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکان گوتی، "سێ رۆژ بەسەر ئەم کارەساتە تێپەڕیووە، هێشتا تەرم لەژێر داروپەردودا ماوە، کەمێک پێش ئێستا منداڵێکی بچووکم دەرهێنا، تەنیا قاچێک و ئێسکەکانی مابوون، بەشەکەی دیکەی جەستەی دیار نەمابوو، بەڕاستی نازانین چی روودەدات و چی دەدۆزینەوە، ئەگەر بەدەست من بێت جلی کارکردن دەپۆشم و یەک بە یەک ئەم کورسییانە دەردەهێنم، ئەمانە خێزانی منن".

هەرچەندە هەڵدانەوەی پاشماوەکان بەردەوامە بەڵام، بەشێک لە خەڵکی گلەیی ئەوە دەکەن، پرۆسەی دەرهێنانی تەرمی قوربانیان بە خاوی بەڕێوەدەچێت و هێشتا لە ژێر داروپەردوی هۆڵەکەدا قوربانی ماون. سەعد ئەلبان، یەکێکی دیکە لە کەسوکاری قوربانییەکان ئاماژەی بەوەکرد، "پێویستمان بە کارکردنی جدییە، ئەگەر ئەم کورسییانە دەربهێنین تەرمەکان دەردەکەون، فەرموون پێڵاوەکان بژمێرن دەزانن خەڵكی زیاتر لێرە بووە، چونکە هەر پێڵاوێک هی کەسێکە".

هاوکات لە پاڵ رێکخراوی مانگی سوور و تیمە ئەمنییەکان، خەڵکیش بەشداری هەڵدانەوەی داروپەردووی هۆلە داڕماوەکە دەکەن و سەرەڕای بچووکی شوێنەکە بەڵام تاکو ئێستا نەتواندراوە سۆراغی تەواوی قوربانیان بزانرێت.

درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.