بارۆ: مەترسیی هەڵگیرسانەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بە تەواوی دانەمرکاوەتەوە

فەرەنسا: سوپای پاسداران هێرشێکی ئەلیکترۆنیی مەترسیداری کردووەتە سەر ژێرخانی وڵاتەکەمان

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، ئێران و بە دیاریکراوی سوپای پاسدارانی بە ئەنجامدانی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی بێوێنە و مەترسیدار بۆ سەر ژێرخانی بازرگانیی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد؛ لە هەمان کاتیشدا هۆشداری دا لەوەی کە هێشتا ئەگەری سەرلەنوێ هەڵکشانی گرژی و پێکدادانی سەربازی لەنێوان واشنتن و تاران بە تەواوی دانەمرکاوەتەوە.

سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2026، لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادا هاتووە، لە شەوی 11 لەسەر 12ی مانگی رابردوو، هێرشێکی فراوانی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر سیستەمی ساردکەرەوەی زیاتر لە 700 سوپەرمارکێت و ناوەندی فرۆشتن لە سەرانسەری فەرەنسادا. هاککەرەکان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دزەیان کردووەتە نێو سیستەمەکان و پلەی گەرمیی بەفرگرەکانیان بەرز کردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی بڕێکی زۆر لە خۆراک و کەلوپەل کە بە دەیان ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت، جیا لەوەی لە هەندێک شوێن ئاگری لێ کەوتووەتەوە.

پاریس دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد ئاشکرای کرد، هێرشەکە لەلایەن یەکەی شەهید کاوە ئەنجام دراوە، کە باڵێکی هێرشبەری ئەلیکترۆنییە و سەر بە رێکخراوی جەنگی ئەلیکترۆنی و بەرگریی سایبەریی سوپای پاسدارانی ئێرانە. داواکاری گشتیی پاریسیش فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتیی بۆ دوو بەرپرسی ئەو یەکەیە دەرکردووە.

ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی حەوت (G7) لە پاریس، رایگەیاند کە باڵیۆزی ئێرانیان لە پاریس بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی و ئیدانەکردنی توندی فەرەنسای پێ رابگەیەنن.

بارۆ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی گوتی: "فەرەنسا پەنا بۆ هەموو رێکارێکی پێویست دەبات، چ بە ئاشکرا بێت یان بە نهێنی، بۆ ئەوەی وەڵامێکی گونجاوی ئەم کارە تێکدەرانەیە بداتەوە و رێگری بکات لە هەر هەوڵێکی هاوشێوە لە داهاتوودا." هاوکات پێشنیازی کردووە یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێ بەسەر ئەو کەس و دامەزراوە ئێرانییانەدا بسەپێنێت کە دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "مەترسیی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان و پەرەسەندنی ململانێکان لەنێوان واشنتن و تاران بە تەواوی لەسەر مێز لانەبراوە، ئەگەر ئەو مەترسییە نەبووایە لە دوو رۆژی رابردوودا ئەو هەموو کات و وزەیەمان لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەکە تەرخان نەدەکرد."

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران تۆمەتەکانی فەرەنسای بە بێبنەما وەسف کرد و رایگەیاند، تاران ئەم سیاسەتە بەردەوامەی وڵاتانی رۆژئاوا لە ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە توندی سەرکۆنە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیامێکدا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پاریس دەربڕی و ئیدانەی هێرشە سایبەرییەکانی سوپای پاسدارانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەرگری لە ئاسایشی وڵاتانی هاوپەیمانیان دەکەن. یەکێتیی ئەوروپاش لە زاری گوتەبێژەکەیەوە هۆشداری دا کە لە چوارچێوەی سەبەتەی دیپلۆماسیی سایبەریدا کار بۆ وەڵامدانەوەیەکی یەکگرتوو و سەپاندنی سزای گونجاو دەکەن.

بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی ئەوروپا، سەرەتای ئەم مانگە رووداوی هاوشێوە لە سیستەمی ساردکەرەوەی فرۆشگاکانی 11 وڵاتی دیکەی ئەوروپیش تۆمار کراوە، ئەمەش وای کردووە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتانە، لەوانەش سوید، هۆشداری بدەن لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی کەرتی خۆراک و بازرگانی.