وەزارەتی پەروەردە پلاتفۆڕمی ئی - ریزبەندی راگەیاند

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 30/9/2023، لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلاتفۆڕمی ئی - ریزبەندی راگەیاند.

لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا لە رێگەی گرافیکەوە تەواوی بەشەکانی پلاتفۆڕمی ئی – ریزبەندی پیشان درا.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە وتارێکدا رایگەیاند: "هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان کارێکی ئەرێنییە، بۆ ئەوەی بزانین ئاستی قوتابخانەکانمان چۆنە، بۆ هەر هەڵسەنگاندنێکیش گرنگترین شت ستانداردە، لەم پڕۆژەیەدا ستانداردی بۆ هەموو بوارەکانی پرۆسەی پەروەردە لە ناوەندەکانی خوێندن داناوە".

گوتیشی: "ئێمە گرنگی دەدەین بە کۆی پرۆسەکە، نەک تەنیا ئەو قوتابخانانەی ساڵی رابردوو لە هەڵسەنگاندن ئاستی چواریان بە دەستهێناوە، رێکخستنی رێوڕەسمی وەزارەتی پەروەردە قوتابی و مامۆستایان مەبەست لێی هاندانی قوتابخانەکانی دیکەیە".

وەزیری پەروەردە، ئەوەشی خستەڕوو: "پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان بەشێوازێکی شەفاف و دادپەروەرانە ئەنجامدراوە، لیژنەکان لە سنوورێکەوە چوونە سنوورێکی دیکە، ئەمەش بۆ ئەوە بووە دڵنیابن لە هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان".

سەبارەت بە سەرپەرشتیارانی نوێ، ئالان حەمە سەعید جەختی لەوکردەوە: "ئەو سەرپەرشتیارانەی کە داوامان کردبوون پلەکانیان بەرز کرایەوە 381 پلە بوون، بۆ ئەمەشیان لیژنەیەکی باڵا دروستکرابوو ئەندامانی لیژنەکە کاری باشیان کرد، هێشتا پێویستمان بە سەرپەرشتیاری دیکەش هەیە، بەڵام ئەوە قۆناغی یەکەم بوو، لە نوێترین ئامادەسازی کە وەزارەتی پەروەردە دەیکات ئەوەیە بۆ هەر سەرپەرشتیارێک چوار قوتابخانە دیاری بکرێت، وەکو ستاندارد لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان".

روونیکردەوە: "ئەو پلاتفۆڕمەی کە دانراوە داتای هەموو قوتابخانەکانی تێدایە، هاووڵاتییان دەتوانن بزانن ئەو قوتابخانەی منداڵەکانیان لێی دەخوێنن ئاستی چەندە، پلاتفۆڕمەکە هیچ کۆدێکی لەسەر نییە و دەتوانن بە ئاسانی سەیری بکەن، لە هەمانکاتدا دایک و باوکی قوتابیان زیاتر تێکەڵی پرۆسەی پەروەردە دەبن".

ئەوەشی خستەڕوو: "خێزان رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە کۆی پرۆسەی پەروەردە، بۆیە دەبێ زیاتر هەماهەنگ بن لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندن".