زانا هۆڵه‌ندییه‌كه‌ هۆشداری روودانی بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز ده‌دات

K24 – هەولێر:

زانا هۆڵەندییەکە دووباره‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌ و هۆشداری روودانی بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ‌"رۆژانی داهاتوو، مه‌ترسیدارن".

فرانک هۆگربێتز زانای دیاری هۆڵه‌ندی، لە په‌یامێكیدا كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) و یوتوب بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تێیدا هۆشداری روودانی بوومه‌له‌رزه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت: "ماوه‌ی نێوان 1 تاكو 3ـی تشرینی یه‌كه‌م (ئۆكتۆبه‌ر)، مه‌ترسیدار ده‌بێت، جیا له‌وه‌ی ئه‌سته‌مه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كانی 10 رۆژی داهاتوو بكرێت".

زانا هۆڵه‌ندییه‌كه‌ پێشبینی روودانی بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز ده‌كات، كه‌ گوڕه‌كه‌ی ده‌گاته سه‌رووی‌ 6 پله‌ به‌ پێوه‌ری رێخته‌ر.

ئه‌و پێیوایه‌ له‌ماوه‌ی 1 تاكو 3ـی ئه‌م مانگه‌ (تشرینی یه‌كه‌م – ئۆكتۆبه‌ر) ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز رووبدات، بێ ئه‌وه‌ی  كات و شوێنی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ ئاشكرا بكات.

هۆگربێتز خشته‌ی ده‌سته‌ی SSGEOSـی هاوپێچكردووه‌، كه‌ شرۆڤه‌ی پێشبینیی، كاریگه‌ریی و په‌یوه‌ندیی هه‌ساره‌كان بۆسه‌ر گۆی زه‌وی ده‌كات.

جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و زانا هۆڵه‌ندییه‌ پێشبینی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی شوباتی ئه‌مساڵی توركیا و سووریای كردبوو، كه‌ بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدان و برینداربوونی هه‌زاران كه‌س، پێشبینی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی مه‌غریبیشی كردبوو، كه‌ بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی 632 کەس و برینداربوونی 329 کەسی دیکە.