رووخانی کڵێسایەک دەیان قوربانی لێدەکەوێتەوە

رووخانی کڵێساکە
رووخانی کڵێساکە

K24 - هەولێر

بەگوتەی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی مەکسیک، بنمیچی کڵێسایەک لە کاتی نوێژکردندا لە شاری سیوداد مادیرۆ لە ویلایەتی تاماو لیپاس رووخا، بەو هۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون.

گوتەبێژی ئاسایشی حکومەتی ویلایەتەکە لە راگەیەنداراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی رووخانی بنمیچی (سەقف)ـی کڵێسای سانتا کروز لە شاری سیوداد مادیرۆ، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 40 کەسی دیکەش برینداربوون"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە ئاماری کۆتایی نییە و گەڕان بەدوای قوربانیان بەردەوامە.

کارمەندێکی خاچی سوور بە کەناڵی "میلینۆ"ـی راگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن کارەکانیان تەواو کردووە و چاوەڕێی گەیشتنی کەلوپەل و گرووپە تایبەتەکان دەکەن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی کۆتایی.

.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، نزیکەی 80 کەس لەو کڵێساکەدا بوونە کاتێک بنمیچەکە رووخاوە.

لە راگەیەندراوی حکومەتی ویلایەتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لانیکەم 20 کەس لەژێر کڵێساییەکە گیریان خواردووە، کاربەدەستان رایانگەیاندووە، رووداوەکە لەوانەیە بەهۆی کێشەیەکی پێکهاتەییەوە بێت.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، جۆزێ ئارماندۆ ئەلڤارێز، قەشەی کڵێسای تامپیکۆ کە سەر بە کڵێساکەیە، دەڵێت: "ئێمە لە ساتەوەختێکی زۆر سەختدا دەژین. کڵێسایەکە لە کاتی نوێژکردندا رووخاوە".

گوتیشی: "لە ئێستادا کار بۆ دەرهێنانی ئەو کەسانە دەکرێت کە هێشتا لەژێر داروپەردووی کڵیسایەکەدان، بەبێ ئەوەی دیاری بکات ژمارەیان چەندە.

شاری سیوداد مادێرۆ ژمارەی دانیشتوانەکەی بە 200 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت و شارێکە لە کەناری باکووری رۆژهەڵاتی مەکسیکە.

Fly Erbil Advertisment