فیلمی ناسنامەی دۆزەخ لە هەولێر نمایشکرا
K24 – هەولێر:
فیلمی "ناسنامەی دۆزەخ" لە سەنتەری ئاڵا بۆ پەرەپێدانی رۆشنبیری و هونەر لە هەولێر نمایشکرا، نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت: ئەم فیلمە ئاوێنەی ژیانی ژنانی کورد و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردییە.
تەحسین فایەق نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم فیلمە ئاوێنەی ژیانی ژنانی کورد و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردییە، کە باس لە ژینی لادێی دەکات و رۆڵی ئافرەتان هاوشانی پیاوان نیشان دەدات، هاوکات قوڵدەبێتەوە بە نێو کارەسات و گرفتە کەڵەکەبووەکانی نێو لادێیەکان، کە هەمیشە بە قوربانیی و ئازار بە کۆتا دێن".
گوتیشی: مەبەست لە نمایشکردنی ئەم فیلمە درێژەدانە بە چالاکییە وەرزیەکەمان، کە بەڕێوەبەرایەتی سینەما رایگەیاندووە و لە پێشووتریشدا ئەم فیلمە لەسەر ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر بەرهەم هاتووە، بۆیە لە چوارچێوەی نیشاندانی فیلمە و مەڕاسیمێکمان رێکخست و بڕوانامەی رێزلێنان پێشکەش بە هونەرمەندانی بەشداربوو کرا.
فیلمی "ناسنامەی دۆزەخ" لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند تەحسین فایەق، نواندنی بەهزاد موختار، چیا نوری، ئاوارە خان و فەیسەڵ خۆشناوە.