پاسپۆرتی تورکی و سۆماڵی له نێو بەلەمێکی چوپ لە کەناراوەکانی ئیسرائیل دۆزرایهوه

K24 - هەولێر
دزەکردنی ئەم دواییانەی کۆچبەران لە سنوورەکانی دەریایی و وشکانی بۆ ناو ئیسرائیل سەرنجی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی راکێشاوە، دوای ئەوەی ئامارەکان دەریدەخەن ئەو ژمارەیە لە دوو ساڵی رابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵانی پێشوو.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی، رێژەی رووداوەکانی دزەکردنی کۆچبەران لە سنوورە دەریایی و وشکانییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، یەکەم جار لە ساڵی 2018، سێ دزەکردنی کۆچبەران بۆ سنوورەکانی ئیسرائیل تۆمارکراوە، پاشان لە دوو رووداوی جیادا لە ساڵی 2021 و 2022، 28 رووداوی دزەکردن تۆمارکراوە.
کێشەی کۆچبەرانی نایاسایی جارێکی دیکە سەری هەڵدایەوە، کاتێک رۆژی یەکشەممە، بەلەمێکی چوپ لە سنووری کەناراوەکانی نەتانیا لە ئیسرائیل دۆزرایەوە کە هیچ کۆچبەرێکی تێدا نەبووە، رۆژنامەکە پشتڕاستی کردەوە، گەڕان بەدوای ئەو کۆچبەرانەی لەناو بەلەمەکەدا بوونە بەردەوامە، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن ئەو بەلەمەی کۆچبەران چووەتە ناو سنوورە ئاوییەکانییەوە.
ئەو کاتەی بەلەمە بەتاڵەکە دۆزرایەوە چەند بەڵگەنامەیەکی تێدابووە و لەگەڵ هەشت پاسپۆڕتی تورکی و سۆماڵی.
بەڕیوەبەری بەشی کەناراوەکانی نەتانیا گوتی: بەلەمەکە لە قوڵایی دەریادا بینراوە، بەگوێرەی قەبارەی بەلەمەکەش پێدەچێت ژمارەیەکی زۆر لەناو بەلەمەکەدا بووبن، بەلام تائێستا نازانرێت ئەوکەسانە خنکاون یاخود نا.
سەرچاوەیەکی سەربازی رایگەیاندووە، تا ئێستا روون نەبووەتەوە کە بۆچی بەلەمەکە لە لایەن هێزە دەریاییەکانەوە ئاشکرا نەکراوە، لەوکاتەی لەناو دەریادا بووە، بەرپرسێکی پۆلیس دەڵێت: ئەوە گەورەترین شکستی ئەمنییە.
لە رۆژی یەکشەممەوە پۆلیس بە بەلەم و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە دوای شوێن ونبووەکاندا دەگەڕێت. لە ئیسرائیل دوو ئەگەر هەیە، یەکەمیان رەنگە ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدابوونە خنکابن یان ئەوەیە کە گواستراونەتەوە بۆ کەشتیەکی گەورەتر.
زۆربەی کۆچبەران بەلەم و کەشتی بۆ پەڕینەوە لە رێگاکانی یۆنان، ئیتاڵیا و ئیسپانیا بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا بڕێکی زۆریش پارە دەدەن بە قاچاخچییەکان و زۆرجار تووشی مامەڵەی دڕندانە و مردن و خنکان دەبن.