گوندهكانی باشووری موسڵ چۆڵ دهكرێن
بههۆی نزیكبوونهوهی ئۆپهراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنهوهی موسڵ
K24 - ههولێر:
خەڵکی ئەو ناوچانەی بەم دواییانە لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش رزگار کراون، بۆ پاراستنی ژیانیان ناوچەکانیان چۆڵ دەکەن، چونکە ئەوان پێیان وایە بە ھۆی نزیکیان لە سەنتەری موسڵ، لە کاتی رزگار کردنی موسڵ ژیانی ئەوانیش دەکەوێتە مەترسیەوە.
ھەموومان ماڵو شاری خۆمان خۆش دەوێ، بەڵام بۆ ئەم خەڵکە وەکوو دۆزەخی لێ ھاتووە و ئێستا گەورەترین خواستیان ھەڵاتنە لە شارەکەیان.
ئەمانە خەڵکی مووسڵن کە ھەموو ھەوڵیان ئەوەیە بە زووترین کات لە شارەکەیان رزگاریان ببێت و بێنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە.
ئێرە گوندەکانی باشووری مووسڵە، نزیکەی دوو ساڵ لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش بوو و ماوەیەکی كهمه رزگاریان بووە، خەڵکی ئەوێ چونکە دەزانن رزگارکردنی موسڵ نزیک بووهتەوە، دەیانەوێ خۆیان دەرباز بکەن و ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، تا لە ئۆپەراسیۆنەکەی مووسڵ زیان بەر ئەوانیش نەکەوێت.
هاووڵاتییهك دهڵێت: "ئەوان شکستیان خواردووە، مەبەستم داعشە، ئێمە ئەوانمان بینی کە چۆن ھەڵدەھاتن لە کاتی ھاتنی ھێزە عێراقیەکان، دەزانین بەم نزیکانی موسڵ رزگاری دەبێت، بۆیە دەمانەوێ خۆمان رزگار بکەین و کەسمان لێ نەکوژرێ".
ژیان لەو ناوچانە بۆ خەڵکەکەی زۆر ئاستەم بووە، گرانی و نەبوونی کار و سەرەتاییترین پێداویستییەکان، تەنگی بە خەڵکی ھەڵچنیوە، ئەوان گەرچی دەزانن ژیانی ئاوارەیی زەحمەتە، بەڵام پێیانوایە لەم ژیانەی ئێستایان زۆر باشترە.
یهكێكی دیكه لهو هاووڵاتییانهی دهیهوێت گوندهكهی بهجێبهێڵێت، دهڵێت: "ژیان زۆر زەحمەتە، ئیش و کار نییە، تەنانەت خواردنمان دەست ناکەوێ، کەس ناتوانێ لە ماڵێک و شوێنەکەوە بڕواتە شوێنێک دیکە بێ روخسەت وەرگرتن لە چەکدارانی داعش".
لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا موسڵ و چەندین ناوچەی دەوروبەری لە ژێر دەستی چەکدارانی داعشە و تا ئێستا لەگەڵ ئەوەی خەڵکێکی زۆر لەو شارە ھەڵاتوون، بەڵام خەڵکێکی زۆری تێدا ماوە و لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنهوهی ئەو پارێزگایە، کە دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە له رووی دانیشتووانهوه، خەڵکی لە ھەوڵی خۆ رزگارکردن و ھەڵاتنن لە ناوچەکانی ژێر دەستی ئەو رێکخراوە.