زریانی دانیاڵ ملیۆنان تۆن سێوی لە یۆنان لەناوبردووە

زریانی دانیاڵ ملیۆنان تۆن سێوی لە یۆنان لەناوبردووە
زریانی دانیاڵ ملیۆنان تۆن سێوی لە یۆنان لەناوبردووە

K24 - هەولێر

زریانی دانیاڵ کە بەمدواییانە بەشێک لەناوچەکانی یۆنانی گرتەوە، بووەتە هۆی لەناوچوونی دەیان باخی سێو لەو وڵاتە. جووتیارەکانی ئەو وڵاتە دەڵێن، بەهۆی زریانەکەوە رێگەی باخەکانیان تێکچوون و نەیانتوانیوە سێوەکان لەکاتی خۆیدا لێبکەنەوە، ئەوەش بووەتە هۆی لەناوچوونی ملیۆنان تۆن سێو و بەفیڕۆچوونی رەنجیان.

زریان و بارانە بەخوڕەکانی ئەم دواییە، جووتیارانی یۆنانی رەنجەڕۆ کردووە، چونکە بەشێکی زۆری باخی سێوە لاسوورەکان زیانیان بەرکەتووە و بەرهەمەکانیان بۆ نیوە دابەزیوە، بەشێک لەدارەکان بەشی ئەوەی سێویان پێوەنەماوە بەکەڵکی چنین بێن.

سێوە لاسوروە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کەرتی کشتوکاڵی یۆنان؛ ئەمساڵ دارەکانیان یان سەرما لەناویبردوون یان زریانی دانیاڵ شکاندوونی.

بەشێک لەجوتیارانی هەرێمی زاگۆرا باس لەوەدەکەن، زیاتر لەنیوەی بەرهەمەکانیان بەهۆی زریانی دانیاڵەوە لەدەستداوە و کەوتوونەتە سەر زەوی.

کۆستاس زێرڤاس، یەکێکە لەو جووتیارانەی بەهۆی زریانەکەوە زیانێکی زۆر بە سێوەکانی گەیشتووە و دەڵێت، "بەشێک لە کێڵگەکەم بەخراپی لەناوچووە، ئەوەش بەهۆی داڕووخانی زەوی لەئەنجامی زریانی دانیاڵ. بەشێکی زۆری سێوەکان کەوتوونەتە سەر زەوییەکە. بەداخەوە چنینی سێوەکان ئەمساڵ دواکەوت، ساڵی رابردوو ئەم کاتانە، کۆگای سێوەکان پڕبووبوون".

کێشەی جووتیارەکانی زاگۆرا یۆنان تەنها لەناوچوونی بەشێکی زۆر لە سێوەکانیان نییە، بەڵکوو خراپی کواڵێتیی ئەو بەشەی دیکەیە کە بۆیان ماوەتەوە، کە لە بازاڕەکاندا پارەیەکی وایان بۆ ناکات، ئەوەش زیانەکانی کردوون بە دووهێندە.

ئەوان دەڵێن، دۆخی کەشوهەوای ئەمساڵ وایکرد، یۆنان کە وەک سەبەتەی میوەی سەرجەم ئەوروپا وابوو، نەتوانێت تەنانەت خواستی بازاڕەکانی ناوخۆش دابینبکات؛ چونکە زریانی دانیاڵ بەشێوەیەک زەوییەکانی تێکداوە، بەشێکە لە جووتیارەکان تەنانەت نەیانتوانیوە یەک سێویش لێبکەنەوە.

تیمۆی ئیکۆنۆموی جووتیار ئاماژە بەوە دەدات، "گەورەترین زیان بەر بەرهەمەکانمان کەوتبێت هۆکارەکەی ئەبووە، بەهۆی زریانەوە رێگاکان داخران و نەمانتوانی بچینە سەر باخەکانمان، هەر بۆیە کەس نەبوو سێوەکان لێبکاتەوە، ئەوانیش کەوتتنەخوارەوە و خراپ بوون".

بەسەرنجدان لەکێڵگەکانی سێوە لاسوورە لە یۆنان، زۆرینەیان دەکەونە ئەو ناوچانەی زریانی دانیاڵ زیانی پێگەیاندوون، زریانەکە بەشێک لەرێگاکانی گەیشتن بە باخەکانی وێرانکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی هەندێک لە جووتیارەکان نەتوانن لەکاتی خۆیدا سێوەکان لێبکەنەوە و رەوانەی بازاڕەکانی بکەن.

Fly Erbil Advertisment