داوا لە حکومەتی عێراق دەکرێت لەبارەی پەکەکە و هێرشەکانی تورکیا بڕیاربدات

K24 - بەغدا
هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بەزاندنی سنوورەکانی عێراق، لایەنە سیاسییەکانی عێراقی نیگەران کردووە و داوا دەکەن پەکەکە لە ناو خاکی عێراق دەربکرێت، تاکو بە بیانووی کردەوە تێکدەرەکانی ئەوانە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان نەکرێنە ئامانجی فڕۆکە جەنگی و درۆنەکانی وڵاتی تورکیا.
لە دوایین لێدوانیدا لەوبارەوە سەرۆکوەزیرانی عێراقە و دەڵێت: پێشێلکردنی سەروەری وڵاتانی دیکە رەتدەکەینەوە"، کە بە مەبەستی بوونی چەکدارەکانی پەکەکە و چەند گرووپێکی دیکە کە لە ناو خاکی عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ، ئەوەش بووەتە بیانوویەک بە دەست وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە، بەردەوام بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەندامێکی یەکێتی مافناسانی عێراق دەڵێت: سەرەتای ئەم مانگە لە عەمانی پایتەختی ئوردن کۆنفراسی ساڵانەی یەکێتی مافناسانی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەچووە و بە فەرمی داوایان لە حکومەتی عێراقی کردووە، کە پەکەکە لە نێو خاکی عێراق دەربکەن، چونکە بەهۆی ئەوانەوە مافی مرۆڤ پێشێل دەكرێت.
عەلا بەلاسم ئەندامی یەکێتی مافناسانی عێراق، بە کوردستان24ی گوت: "ماوەی چەند رۆژێکە بۆردمانی وڵاتی تورکیا چڕبوونەتەوە بۆ سەر سنوور و گوندەکانی کوردستان بە بیانۆی کارە تێکدەرەکانی پەکەکە، ئێمە لە ئوردنەوە داوامان لێکرا کە سەرەوەری عێراق بپارێزین و ئەرکی حکومەتە بڕیارێکی خێرا بدات".
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە نوێترین لێدوانی دەڵێت: بۆردومانەکانمان بۆ سەر پەکەکە رەوایە، چونکە پێشتر چەندین جار هۆشداریمان داوەتە عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێک بۆردومانەکانی ئەو وڵاتە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دهۆک چڕبوونەتەوە. سەرۆکی فراكسیۆنی عەسائب لە پەرلەمانی عێراق، بەزاندنی سنووری عێراق رەتکراوەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان کردووە، کە عێراق رێگری لەو پێشێلکاریانە بکەن.
حەسەن سالم سەرۆکی فراكسیۆنی عەسائب لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵ کردووە کە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانەی تورکیا دانرێت، رێکارە دیپلۆماسییەکان گیراونەتە بەر، ئەگەر ئەوان هەربەردەوام بوون دەبێت بە رێکاری سەربازیی و ئابووری رووبەڕوویان ببینەوە، چونکە قەبارەی بازرگانی تورکیا دەگاتە 19 ملیار دۆلار ئەمەش کارتێکی فشاری باشە".