لێدوانی نوێی وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچە و داهاتەکان

K24 – هەولێر

گوتەبێژ و راوێژکارێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاری لەبارەی داهات و مووچە دەخەنەڕوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2023، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی تەرخانکردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆران، رایگەیاند: "بەشێکی زۆری داهاتمان بۆ مووچە بەکارهێناوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا دابەشکردنی مووچەی لەسەر شان نییە، بەڵکو کۆمەڵێک خەرجی لەسەر شانە".

هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا د. هاورێ کەمال راوێژکاری وەزارەتی دارایی گوتی: "هەندێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن کە باسی داهات دەکەن راستییەکە ناڵێن، باسی 320 ملیار دەکەن، ناڵێن ئەو بڕە هەمووی بە کاش نایەت، هەندێکی بۆ وەزارەتەکانە، هەندێک بۆ خزمەتگوزاریی و هەندێکی دیکەی بۆ پێشینەکانە، بۆیە بڕێکی کەمی لێ دەمێنێتەوە، ئێمە باوەڕمان بە شەفافیەتە و هەفتەی داهاتوو تەواوی داهاتەکان بە ژمارە رادەگەیەنین، هەروەها داهاتی شەش مانگی رابردوو رادەگەیەنین و ئەو بڕە پارەیەش بە ژمارە دەخەینەڕوو کە بە حکومەتی فیدراڵی دەدەین".

ئاماژەی بەوەش کرد: "هەندێک کەناڵی راگەیاندن کۆمەڵێک هەواڵ بڵاودەکەنەوە کە هیچی راستی نییە، ئێمە رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر و قبووڵ ناکەین هیچ کەسێک بەناوی ئێمەوە قسە بکات".

د. هاوڕێ کەمال، روونیشیکردەوە: "لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ ئەو لایەنانە بکات کە لە هەرێمی کوردستانن و قەرزی حکومەتیان لایە، بۆ ئەوەی ئاسانکاریان بۆ بکەین و ئەو پارانەیان لێ وەربگرینەوە. هەندێک لەوانە هەم زەییان وەرگرتووە و هەمیش قەرزیان وەرگرتووە، کەچی بەرهەمهێنانیان نەکردووە، بەڵام لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە دەیانەوێت چەواشەکاری بکەن و لە وەزارەتی دارایی بدەن".

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا هونەر جەمال، سەبارەت بە میلاکی فەرمانبەران گوتی: "میلاکی فەرمانبەران زۆرجار تەفسیری جیاوازی بۆ دەکرێت و هەواڵەی هەڵەی لەبارەوە بڵاودەکرێتەوە، ئێمە چەند ساڵێکە هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ دیوانی چاودێری عێراق و چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان لیستی میلاکاتی ئێمە لای ئەوان پەسندکراوە، ئێستاش لیژنەیەکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لێرەن و دەیانەوێت وردبینی لە تەواوی ئەو داتا و زانیاریانە بکەن کە تایبەتە بە ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان، راستە ماوەی دە ساڵ دابڕان لەنێوانمان هەبووە رەنگە هەندێک لە سیستەمی کارکردنمان جیاواز بێت، بەڵام بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر خەتین بۆ ئەوەی هەموو شتەکان رێکبخەینەوە، سیستەمی ژمارەی فەرمانبەرانی ئێمە تاڕادەیەکی زۆر لای بەغدا روونە، ئەوەی کە ماوەتەوە ژمارەی خانەنشین و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتییە، ئەوانیش هەموو داتاکانیان ئامادەیە و دەیخەینە بەردەستیان، دواتر ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ چاودێری دارایی عێراق دەخەینەڕوو، کە سەردانی وەزیری داراییش هەر پەیوەست بوو بەو بابەتە".

Fly Erbil Advertisment