دواقۆناغی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گەیشت

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دواقۆناغی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2023 گەیشتە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2023) نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەمڕۆ دواقۆناغی شایستە داراییەکانی جووتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان و پاش ئەوەی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان تەواوبوون دەست بە دابەشکردنی چەکی بانکی دەکرێت لەڕێگەی سایلۆکان بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنمی جووتیاران بە سایلۆکان.

شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن بەغداوە رەوانەکراوە، بۆ پارێزگای سلێمانی بریتییە لە بڕی 77 ملیار و 374 ملیۆن دینار، هەروەها بۆ پارێزگای هەولێر بڕی 51 ملیار و 186 ملیۆن و 681 هەزار  دینار و بۆ پارێزگای دهۆکیش بڕی 38 ملیار و 963 ملیۆن و 509 هەزار دیناری عێراقی.

ئەو بڕە پارەیەی کە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانەکراوە دواین بڕە پارەی جووتیارانە بۆ ساڵی 2023.

ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی شەممە(7ـی تشرینی یەکەمی 2023) حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئێوارەی هەینی(6ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی دارایی نووسراوی خەرجکردنی 770 ملیار دیناری هەموو جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە و سبەی دەست بە رێکارەکانی رادەستکردنی چەکی بانکی بە هەموو پارێزگاکان دەکەن".

سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان کە 107 ملیار دینار دەکات، حەیدەر نووری گەرعاوی گوتی "رۆژی دووشەممە چەکی بانکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رادەستی نوێنەرانی پارێزگاکان دەکرێت و هەر ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت بەسەر جووتیاراندا".

پێشتریش نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێکی دیکەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەگات و بەسەریاندا دابەش دەکرێت، ناوبراو گوتبووشی: هیچ کێشەیەک لە ناردنی شایسەداراییەکانی جووتیاران لەلایەن بەغداوە نییە.

هەروەها رۆژی (19ـی ئەیلوولی 2023)، سەروەر هاواری، بریكاری وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی ئەمساڵی جووتیاران ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری پارێزگاكانی هه‌رێم و لایه‌نی عێراقیش زامنی ئه‌وه‌یان كردووه.

رۆژی (27ـی ئایاری 2023)، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دوای ئەوەی بەغدا بڕی 375 هەزار تۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکردبوو، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدای کرد و ئەو بڕەیان زیادکرد و بڕیاردرا بەشێوەی کراوە گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.

هاوکات دوای سەردانەکە بڕەکە زیادکرا و وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق بڕیاریدا 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەربگرێت؛ بەم شێوەیە، نزیکەی 230 هەزار تۆن گەنم لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، 145 هەزار تۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر و 125 هەزار تۆن گەنمی دیکەش لە سنووری پارێزگای دهۆک و نرخی هەر تۆنێکیش 850 هەزار دینار دیاریکردبوو.