گوتەبێژی بۆرسەی هەولێر: ئەو دۆلارەی بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕ ناگاتە هاووڵاتییان

K24 – هەولێر:
چەند رۆژێکە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بەرز بوونەوەدایە، ئەمڕۆ لە بازاڕی بۆرسەی هەولێر دۆلار بە 164 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا، گوتەبێژی بازاڕی بۆرسەی هەولێریش بڕوای وایە، ئەو دۆلارەی بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە ناگاتە هاووڵاتییان، بەڵکو لەلایەن چەند کەسانێکەوە قۆرخ دەکرێت.
ئەوانەی لە بازاڕی دۆلارن و مامەڵە دەکەن زیاتر لە هەموو کەسێک شارەزاترن لە بەهاکان، بەڵام ئەوانیش بێ زیان لە ناسەقامگیری دۆلار و دینار دەرناچن. حوسێن بەکر، مامەڵەکاری بازاری دۆلار، بە کوردستان24ـی راگەیاند، " تەنیا ئەمڕۆ لە یەک مامەڵەی بچووکدا ملیۆنێک و 620 هەزار دینار زیانمەند بووم".
بەهای دینار زۆر دەمێکە جێگیری بەخۆیەوە نەبینیووە، هەر رێکارێکی نوێش کە بانکی ناوەندی دەیگرێتە بەر زیاتر بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێنێت، کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی بۆرسەی هەولێریش دەڵێت: دەستێک لە پشت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار هەیە.
هاوکات گوتیشی: بانکی ناوەندی ئەگەر مەبەستی بێت دەتوانێت لە ماوەی یەک هەفتەدا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بازاڕدا جێگیربکات، بەڵام ئەو دۆلارەی کە بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕ بە دەستی هاووڵاتییان ناگات بەڵکو لەلایەن چەند کەسانێکەوە قۆرخ دەکرێت.
بانکی ناوەندی رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و تەنیا لەماوەی 10 رۆژی رابردووش زیاتر لە هەزار و 600 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و کاش خستووەتە بازاڕەوە، بەڵام نەبووەتە هۆی جێگیربوونی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی.