سەلمان روشدی بیرەوەرییەکانی هێرشەکەی ساڵی رابردوو بڵاودەکاتەوە
K24 - هەولێر
خانەی پێنگوین رێندوم هاوس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە رایگەیاند، رۆماننووسی هیندستانی سەلمان روشدی، بیرەوەرییەکانی سەبارەت بە رووداوی چەقۆلێدانی ساڵی رابردووی نیویۆرک بڵاودەکاتەوە، هاوکات سەلمان روشدی، ساڵانێکی لە خۆ شاردنەوەدا بەسەر بردووە، بەهۆی ئەوەی ئێران خوێنی حەڵاڵ کردبوو لەسەر نووسینەکانی.
بڕیارە روشدی بیرەوەرییە نوێیەکەی بەناوی "چەقۆ" رەنگدانەوەکانی دوای هەوڵی کوشتن" لە 16ی نیسانی 2024 بڵاوبکاتەوە.
روشدی لە راگەیەندراوێکدا کە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، "نووسینی ئەم کتێبە بۆ من پێویستە، رێگایەکە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی ئەو شتانە لە ئەستۆ بگرم کە روویداوە و بە هونەر وەڵامی توندوتیژی بدەمەوە".
ئەو نووسەرە بەریتانییە بەرەگەز هیندییە لە مانگی ئابی 2022، لە میانی وتارێکیدا لە نیویۆرک، لەلایەن کەسێکی ئەمەریکی شیعە مەزهەب هێرشی کرایە سەر، کە لەئەنجامدا چاوێکی کوێربوو یەکێک لە دەستەکانیشی بریندار بوو، هێرشبەرەکە ئەمەریکییە و خەڵکی نیوجرسییە و دانی بەهەوڵی کوشتن و دەستدرێژی پلە دوودا ناوە.
سەلمان روشدی ماوەیەکی زۆرە هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت بەهۆی رۆمانی "ئایەتەکانی شەیتان"، کە لە زۆرێک لە وڵاتانی زۆرینەی موسڵماندا قەدەغە کراوە، کاتێک لە ساڵی 1988دا بڵاوکرایەوە.
دوای ئەوەی خومەینی رێبەری ئێران لەو کاتەدا فەتوایەکی دەرکرد و داوای رشتنی خوێنی سەلمان روشدی کرد، ئەویش ساڵانێک لە ترسان خۆی حەشارداوە.