پەرلەمانتارێک: کەسانی حزبی لە پشت دیاردەی گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکانن

K24 - هەولێر

لە شاری بەغدا دیاردەی گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ زەوی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، کە بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و گرانبوونی نرخی خانووبەرە، گەرەکی گەورە و بێ خزمەگوزاری لە دەورووبەری بەغدا دروست کراوە.

سائیر مەخیف جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، "بەرژەوەندییە حزبییەکان لە پشت خراپ بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکانن، ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت زەوییە بیابانییەکان فراوانتر بکرێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی کە کراون بە شوێنی نیشتە جێبوون".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم دیاردەیە هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە ناوچە سەوزەکان سییەکانی شارەکانن"، هۆشداریشیدا لەوەی "ئەم بابەتە پلانی نییە، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جددی ئارەزووی ئەمە ناکەن".

جبوری جەختیکردەوە، "ئێمە لە لیژنەی کشتوکاڵدا یاسامان دەرکرد بۆ سنووردارکردنی گۆڕینی زەوییە کشتوکاڵییەکان، بەڵام لە یاسا لادەرەکان ئەوکارە دەکەن، چونکە نرخی ئەو زەوییانە زۆر بەرزە"  دەشڵێت: "زەوییە کشتوکاڵییەکان بوونەتە شوێنی نیشتەجێبوون و رووبەرێکی فراوانیان هەیە".

کشتوکاڵی دەورووبەری بەغدا، نزیک بووەتەوە لە نەمان و بوون بە بەشێک لە شاری بەغدا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە گۆڕدراون بۆ ناوچەی نیشتەجێبوون.

لای خۆیەوە، شارەزای بواری کشتوکاڵ، تەحسین موسەوی، جەختی لە گرنگی ناوچەی سەوزایی لە دەوروبەری شارەکان کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، یاسا دەتوانێت چارەسەری ئەم کێشەیە بکات. یاساکە بوونی هەیە، بەڵام کار ناکات.

موسەوی بەهەمان سەرچاوەی گوت: تا ئێستا جۆری زەوییەکان کشتوکاڵییە، ئەوەی روودەدات سەرپێچییە، راشیگەیاند، بەگوێرەی یاسا دەبێت رەگەزی ئەو زەوییانە بگەڕێتەوە بۆ پێشوو، هەروەها رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان 40 ملیۆن دۆنم بووە، بە تێپەڕبوونی کات کەمیکردووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ژینگە کردووە.

لە درێژەی قسەکانیدا جەختیکردەوە: هیچ پلان و دیدگایەک لە داهاتوودا نییە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بە زانینی ئەوەی کە ناوچەی سەوزایی و زەوییە کشتوکاڵییەکان ژەهرەکان هەڵدەمژن و ئۆکسجین دەردەکەن.

موسەوی ئاماژەی بەوەشدا،  "وڵاتانی جیهان رووەک لە هۆڵی نەشتەرگەری و پۆلەکانی قوتابخانەکاندا بڵاودەکەنەوە، دەبێت ئێمەش دەست لە خراپ بەکارهێنان هەڵبگرین، چونکە هێشتا ئەوکارە بەردەوامە و پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا هەیە".

Fly Erbil Advertisment