ھێرشێكی داعش لە كەركووك شكستی پێھێنرا
K24 - كەركووك
بەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە رێگەی چەند خۆكوژێكەوە ھێرشی كردە سەر كۆمپانیای غازی باجوانی سەر بە كۆمپانیای باكوور لە رۆژئاوای كەركووك، بەڵام پێشمەرگە و ھێزە ئەمنیەكان شكستیان بە ھێرشەكە ھێنا.
پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "كاتژمێر 4 بەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش ھێرشیان كردەسەر كۆمپانیای غازی باجوان لە رۆژئاوای كەركووك، دوای ئەوەی شەڕ لە نێوان ھێزە ئەمنییەكان و داعش روویداوە پێشمەرگەكانی لیوای 2ی ھێزی پێشمەرگە بەھانایانەوە چوون و شكستیان بە ھێرشەكەی داعش ھێناوە".
گوتیشی: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان 4 كەس لەو ھێرشەی داعش كوژراون، چەند كەسێكیش بە بارمەتە لەلایەن داعش دەستگیركرابوون، بەڵام لە لایەن ھێزە ئەمنییەكان رزگاركران".
روونیكردەوە: "ئێستا دەزگا ئەمنییەكان سەرقاڵی پوچەڵكردنەوەی ئەو بۆمبانەن كە لەلایەن داعشەوە دایانراونەتەوە".
كۆمپانیای غازی باجوان غاز كەوتووەتە رۆژئاوای شاری كەركووك و لەلایەن پۆلیسەوە پاسەوانی دەكرێت.