گوندێكی دیكە لە دەستی داعش رزگاركرا
زیاتر لە 25 هەزار كەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەرەو كەمپی دیبەگە لە قەزای مەخموور ئاوارەبوون

K24 - ھەولێر
هێزەكانی دژە تیرۆر و سوپای عێڕاق گوندی "ئیمام غەربی" سەربە ناحیەی گەیارە لە باشووری مووسڵ کۆنتڕۆڵکردەوە.
ئەحمەد جبووری ئەفسەر لە هێزەكانی سوپای عێراق رایگەیاند:"هێزەكانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناحیەی گەیارە باشووری مووسڵ لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش پێشڕەوی باشیان كردووەو گوندی "ئیمام غەربی" كۆنترۆڵکرایەوە".
جبووری ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە، تیمی ئەندازەی سەربازی تایبەت، گوندەکە، لە مین و بۆمبە چێنراوەكان پاك دەكەنەوە.
لەو كاتەی هێزەكانی عێراق دەستیان كردووە بە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناحیەی گەیارە و ناوچەكانی دەوروبەری، زیاتر لە 25 هەزار كەس لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەرەو كەمپی دیبەگە لە قەزای مەخموور ئاوارەبوون.